ئەو كوردەی لە ئەسیری گەڕایەوە و لە ئەنبار دەژیا

محەمەد بی كەی سی دنیای جێهێشت و رێوڕەسمێكی گەورەی بۆ كرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كوردێكی دانیشتووی شاری ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، دوای گەڕانەوەی لە ئەسیری لە ئێران، بڕیار دەدات لە قەزای حەدیسە بژیت، ئەمڕۆش كۆچی دوایی كرد و خەڵكی ناوچەكە رێوڕەسمێكی گەورەیان بۆ ناشتنەكەی كرد.

محەمەدئەمین قادر كوردی، كە بە محەمەد بی كەی سی ناسراو بوو، یەكێكە لە هاوڵاتیانی قەزای حەدیسە سەر بە پارێزگای ئەنبار، ئەو ماسی دەفرۆشت و بە شەقامەكاندا دەگەڕا و جارجار شیعری دەخوێندەوە، ئەمڕۆش گیانی لەدەست دا.

مستەفا مەسعودی، هاوڵاتییەكی حەدیسەیە و بۆ 964 قسەی كردووە، كە دەڵێت، محەمەد بی كەی سی ئەسیر بوو لە شەڕی عێراق – ئێران، دوای گەڕانەوەی لە حەدیسە مایەوە و ئەوێی بۆ ژیان هەڵبژارد، ئەو سەرەتا كاری فرۆشتنی ماسی دەكرد.

“ئەو بە تەنیا دەژیا لە شارەكە، هیچ رۆژێك گوێمان لە گلەیی و رازەكانی نەبوو، نەمانبیست ئەزیەتی كەسێكی دابێت، هەرچەندە ئەو دەچووە هەموو شوێنێك و بە شەقامەكانیشدا دەگەڕا”، مستەفا مەسعودی وادەڵێت.

هەروەها دەڵێت، ئەو كەسێكی نەفسبەرز بوو، جارجار گوێمان لێدەبوو شیعری دەخوێندەوە و قسەكانی پڕبوون لە حیكمەت، بەڵام ئەو لە بەردەم دوكانەكان و لەسەر شۆستەی شەقامەكان دەخەوت.

ئەو هاوڵاتییەی حەدیسە زیاتر بۆ 964 لە بارەی ئەو محەمەد بی كەی سی دەدەوێت، “زۆر شتمان لە بارەی ئەو دەبیست، هەندێك دەیانوت دكتۆر بووە و هەندێكیش دەیانوت دەرچوونی بەشی زمانەكان بوو لە كۆلیژ، هەندێكیش پێیان وابوو باری دەروونی تێكچووە، چونكە بەردەوام بەسەر شەقامەكاندا دەسووڕایەوە”.

بە قسەی هاوڵاتیانی حەدیسە بۆ 964، ئەمڕۆ رێوڕەسمێكی گەورە و جەماوەری بۆ ناشتنی محەمەدئەمین قادر كوردی كراوە.