72 کاتژمێر بۆ حکومەت دادەنێن
گوندەکانی دۆڵی خەلەکان خۆپیشاندان دەکەن رێگا سەرەکییەکەش بۆ سلێمانی دادەخەنەوە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
دوای چەندین جار خۆپیشاندان و گرتنی رێگەی سەرەکیی خەلەکان بۆ دوکان لە لایەن گوندەکانی دۆڵی خەلەکان، بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژەی دووسایدی رێگەی سەرەکیی ناحیەکەیان و چاککردنی کارەباکەیان، جارێکی تر رێگەی سەرەکی دەگرنەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
خۆپیشاندەران 72 کاتژمێریان بە حکومەت داوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، ناحیەی خەلەکانیش دەڵێت کارەباکە وەک هەموو شوێنێک خراپە و پرۆژەی دووسایدەکەش سیولە لە بانک نییە بۆیە تەواو ناکرێت.
مەردان زرار، دانیشتووی ناحیەی خەلەکانە، بە 964ـی وت، دژی خراپی کارەبا و تەواونەکردنی پرۆژەی دووسایدی خەلەکان بۆ دوکان وەکو هەموو گوندەکانی دۆڵی خەلەکان رۆژی سێشەممە جارێکی تر خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت و رێگەی سەرەکیی بە تەواوی دادەخرێت و خێمەش هەڵدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “چەندینجار لە رابردوو خۆپیشاندانمان ئەنجامداوە و بەڵێنیان پێداوین، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراون، بۆیە لە رۆژی سێشەممەوە 72 کاتژمێر بە حکومەت دەدرێت تاوەکو دەست بە جێبەجێکردنی داواکانمان بکەنەوە”.
بۆ ئەم بابەتە 964 پەیوەندی کرد بە کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان، وتی، تا ئێستا بە فەرمی هیچ شوێنێک داوای لە ئیدارەکەمان نەکردووە و ئاگامان لێنییە خۆپیشاندان بکرێت، بەڵام بارودۆخی کارەبا جگە لێرە لە زۆر شوێنی تریش خراپە و گشتییە، بابەتی پرۆژەی دووسایدەکەش دووساڵە کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی راگرتووە بە هۆکاری نەبوونی سیولە لە بانکەکاندا.
964 زانیویەتی پرۆژەی دووسایکردنی رێگەی رانیە-دوکان کە درێژی 53 کیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ جێبەجێدەکرێت، قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە دەکەوێتە ناحیەی خەلەکان و دەوروبەری کە تاوەکو ئێستا کەمترین کاری تێداکراوە و نزیکەی دووساڵیشە کارەکانی وەستاوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن