روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ تۆمارى کردووە
“لە سەرەتاى شۆڕشەوە تا کەوتنى ئەسەد زیاتر لە 65 هەزار کەس لە زیندانەکاندا کوژراون”
964+
وریا فەتاح
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایدەگەیەنێت، لەسەرەتاى شۆڕشى سوریاوە زیاتر لە 65 هەزار کەس لە ناو زیندانەکانى رژێمى پێشوو کوژراون، دەشڵێت: توانیومان کوژرانى 500 زیندانى دیکۆمێنت بکەین.
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاوى کردەوە، ژمارەى قوربانیانى زیندانەکانى سوریا و دڕندەیى رژێمەکەى ئەسەد، رۆژانە لە رێگەى دۆزینەوەى بەڵگەنامەکان ئاشکرا دەبن کە تەنانەت تەرمەکانیشیان رادەستى بنەماڵەمانیان نەکراوەتەوە.
هەروەک باسى لەوەکردووە، ئەمڕۆ توانیویانە کوژرانى 500 هاوڵاتى لە ناو زیندانەکانى رژێمى پێشوو کە لە ئەنجامى ئەشکەنجە و پشتگوێخستنى تەندروستى گیانیان لەدەست داوە، بەڵگەدار بکەن.
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردووە، دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ بارمەتیدانى تیمەکانى فریاکەوتن و گەڕان بەدواى کۆڕە بە کۆمەڵەکان و ناوەندەکانى دەستبەسەرکردنى نهێنى و بەشداربن لە دیاریکردنى چارەنوسى ئەو کەسانەى بێسەروشوێنکراون.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە پێویستە دادگایەکى تایبەت بە دادگاییکردنى بەرپرسى زیندانەکان و ئەو کەسانەى تاوانەکانیان ئەنجامداوە، دبمەزرێت.
بەپێى ئامارەکانى رانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لە سەرەتاى دەستپێکردنى شۆڕشى سوریا لە ساڵى 20211ـەوە، 65 هەزار و 775 هاوڵاتى مەدەنى لە ناو زیندانەکانى رژێمەکەى ئەسەد کوژراون، لەو ژمارەیە 65 هەزار و 358 پیاو و گەنج و 349 مێردمنداڵ و 68 ژن، هەن.