سێ حزبن
ئۆفیس و بارەگای ئەو حیزبانەی نزیکن لە پەکەکەوە داخران
964+
ژووری هەواڵ
لە سلێمانی ئەو ئۆفیس و بارەگای ئەو حیزبانە داخران، کە نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت، بە بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ئەو شوێنانە داخراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1.1.2025، سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق و بەبڕیاری دادوەر هەستاون بە داخستنی چەند ناوەند و ئۆفیسێک، بەهۆکاری تەواوبوونی مۆڵەتی کارکردنیان.
“لەماوەی رابردوودا سەرجەم ناوەندەکانی ئەو رێکخراوانە ئاگادارکراون کە مۆڵەتی کارکردنیان کۆتایی دێت و رێگە بە کارکردنیان نادرێت”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
بڕیارەکە هەریەک لە ئۆفیس و بارەگاکانی “تەڤگەری ئازادی”، “حیزبی ئازادی و دیموکراتیی ئێزدی” و “حیزبی بەرەی خەباتی دیموکراتی” دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق لە 1ـی ئابی 2024ـدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سێ حزبەی لە هەرێمی کوردستان دەرکردبوو، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە.