وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان:
“نرخی پشكنین لە نەخۆشخانە حكومییەكان زیاد ناكرێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو قسانە راست نین كە باس لە گرانبوونی نرخی پشكنین لە نەخۆشخانەكانی كوردستان زیاد دەكرێت، بەڵكو پشتڕاستی كردەوە هیچ زیادەیەك ناچێتە سەر نرخی پشكنینەكان.
د.سامان بەرزنجی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30.12.2024 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی دایەوە، كە باس لە گرانبوونی نرخی پشكنین لە تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكان دەكەن و لەمبارەیەوە وتی، نەخۆش وەك جارانی پێشوو هیچ پارەیەكی زیادی لێ وەرناگیرێت و نرخی پشكنینەكانیش لەسەر حكومەت كەمتر دەبێتەوە و داهات بۆ حكومەت زیاد دەبێت.
وەزیری تەندروستی هەروەها سەبارەت بە پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانەكان بە كەرتی تایبەت، روونیكردەوە، كارەكە تەنیا بریتییە لە گۆڕانكاری لە سیستمی پشكنینی تاقیگەیی لە كەرتی گشتیدا، ئەمەش لە پێناو كارئاسانی زیاتر و بە سیستمکردنى بوارەكە، ئامانج لەو گۆڕانكارییە تەنیا تەندروستیی هاوڵاتیانە.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی وت، خەڵكانێك لەخۆیانەوە شت بڵاودەكەنەوە و هیچ پرسیارێكیان لەوان نەكردووە، بۆ ئەوەی راستیی بابەتەكان بزانن.
لە رۆژانی رابردوو دەنگۆ و هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، وەزارەتی تەندروستی پشكنینی لە تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكان داوە بە كەرتی تایبەت و ئیتر نرخی پشكنینەكان گران دەبن.