بەئەمبوڵانس بەناو گەڕەکەکاندا بانگەواز دەکەن
هەڵمەتی کوتانی منداڵ لە خورماتوو دەستی پێکردووە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەشی تەندروستی خورماتوو، بەئەمبوڵانس لەناو گەڕەکەکانی قەزاکەدا دەسوڕێنەوە و بانگەواز دەکەن بۆ ڤاکسین و کوتانی منداڵان لەدژی پەتا وەرزیەکان.
فەوزی ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆماری لەخورماتوو بە 964ـی وت، ماوەی مانگێک ئەو هەڵمەتە ئەنجام دەدەن بەنیازن سەرجەم ئەو منداڵانەی کە بڕیارە لەمانگی 12ـی هەمو ساڵێک بەڤاکسینی دژە نەخۆشییە وەرزیەکان بکوترێن بیانکوتن، بەڵام بەهۆی پشتگوێ خستنیانەوە لەلایەن دایک و باوکانەوە، بڕیاریان داوە خۆیان سەردانی ئەو ماڵانە بکەن و ڤاکسین بۆ منداڵانی یەک تا پێنج ساڵ ئەنجام بدەن.
وتیشی، ساڵانە منداڵێکی زۆر بەهۆی پشتگوێخستنیانەوە لەلایەن دایک و باوکانەوە و بێبەش دەبن لەوەرگرتنی ڤاکسین، بۆیە لەگەڵ کارمەندانی بەشی تەندروستی بڕیاریان داوە، ساڵانە لەم وەرزەدا بەناو گەڕەکەکانی قەزاکەدا بسوڕێنەوە و ڤاکسین و کوتانی منداڵان ئەنجام بدەن، چونکە منداڵان بەتایبەت لەمانگی 12ـی هەمو ساڵێک، گەر بێت و ڤاکسین و کوتانیان بۆ نەکرێت، ئەوا بەرگەی بچوکترین پەتا و نەخۆشییە وەرزیەکان ناگرن و بەئاسانی تووش دەبن، هەڵمەتەکەش بۆ ماوەی مانگێک بەردەوم دەبێت”.
ماوەی سێ رۆژە دەستیان بەهەڵمەتە کردووە و تائێستا ڤاکسینیان بۆ زیاتر لە 210 منداڵ ئەنجام داوە، پێش تەواو بوونی وادەکەش بەنیازن سەرجەم منداڵان بپشکنن و کەس بێ بەش نەبێت لەو ڤاکسینە.
پێداچوونەوە: تونا نەقی