له‌ شه‌ڕى عێراق - ئێران گیانى له‌ده‌ستدابوو

دواى 38 ساڵ له‌رێگه‌ى تیكتۆك روفاتى گه‌نجێكی سلێمانى له‌ گۆڕستانێكی به‌سڕه‌ دۆزرایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گه‌نجێكی سلێمانى، دواى 38 ساڵ له‌ بێسه‌روشوێنبوون و نه‌زانینى چاره‌نووسی، دواجار روفاته‌كه‌ى له‌ گۆڕستانێكی شارى به‌سڕه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌، براكه‌شی ده‌ڵێت، براكه‌م سه‌ربازى عێراقى بووه‌ و له‌ شه‌ڕى عێراق – ئێران گیانى له‌ده‌ستدابوو.

گه‌نجه‌كه‌، ناوى جه‌بار ئیبراهیم مه‌جید لەدایکبووی 1.7.1966 بووه‌ و خه‌ڵكی گوندى گه‌ڕه‌دێی سه‌ر به‌ ناحیه‌ى سیته‌كى قه‌زاى چوارتا بووه‌، له‌ رۆژى 2.10.1986 له‌ شه‌ڕى فاو گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

سۆران ئیبراهیم، براى ئه‌م گه‌نجه‌ به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى 38 ساڵه‌ براكه‌مان وه‌كو بێسه‌روشوێن بێ چاره‌نووس بووه‌ به‌ڵام دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر دۆزیويه‌تیانه‌و و له‌ گۆڕستانى زوبێر له‌ به‌سڕه‌ هێناویانه‌تەوه‌ سلێمانى.

وتیشی “دواى ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى، نه‌مانده‌زانێ كه‌ براكه‌مان زیندووه‌ یان مردووه‌، چونكه‌ هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌رى نه‌بوو، به‌ڵام به‌رێكه‌وت له‌ رۆژى 6.12.2024 كاتێك سه‌یرى تیكتۆكم ده‌كرد، لیستێكم كه‌وته‌ به‌رچاو له‌ سه‌ره‌وه‌ى نووسرابوو (اسما‌ء رفات الشهداء من مقبرة‌ الزبیر) ناوى براكه‌م به‌ زنجیره‌ى 54 له‌و لیسته‌ دۆزییه‌وه‌”.

لیسته‌كه‌ زیاتر له‌ 600   ناوى له‌ خۆگرتبوو، به‌ زنجیره‌ى ئه‌بجه‌دى نووسرابوو، كاتێك ناوى براكه‌ى ده‌بینێت، بڕوا ناكات، بۆیه‌ هه‌مان ئه‌و ناونیشانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر لیسته‌كه‌ نووسرابوو له‌ گۆگڵ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت و هه‌مان لیستیش له‌وێ ده‌دۆزێته‌وه‌.

دواى 38 ساڵ له‌رێگه‌ى تیكتۆك روفاتى گه‌نجێكی سلێمانى له‌ گۆڕستانێكی به‌سڕه‌ دۆزرایه‌وه‌

“له‌و لیسته‌ى گۆگڵ ژماره‌ موبایلێك نووسرابوو له‌ ژێریشه‌وه‌ ناوى فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌ناوى (دائره‌ استلام الشهدا‌ء و تسلیمهم) نوسرابوو و منیش په‌یوه‌ندیم به‌و ژماره‌یه‌وه‌ كرد و سه‌ره‌داوى براكه‌مان ده‌ستكه‌وت” سۆران واده‌ڵێت.

رۆژى 20.12.2024 سۆران له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ براكانى ده‌چنه‌ شارى به‌سڕه‌، له‌رێگه‌ى ئه‌و لۆكه‌یشنه‌وه‌ كه‌ له‌ ژماره‌ موبایلى فه‌رمانگه‌كه‌ى به‌سڕه‌ وه‌ریانگرتبوو ئه‌و شوێنه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌.

تاكه‌ شتێك كه‌ براكه‌یانى پێناسیوه‌ته‌وه‌ وێنه‌یه‌كی بچووكراوه‌ى (جنسیه‌) ره‌گه‌زنامه‌كه‌ى بووه‌ كه‌ به‌ بچووكى وێنه‌ى گرتبوو و له‌گیرفانیدا مابووه‌وه‌، كه‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ به‌چاوى خۆیان به‌ڵگه‌كه‌ ده‌بینن و ته‌واو دڵنیا ده‌بنه‌وه‌ كه‌ براكه‌یانه‌.

وه‌ك ئه‌وه‌ى، فه‌رمانگه‌كه‌ى به‌سڕه‌ بۆى باسكردبوون، براكه‌یان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆرى سه‌ربازى دیكه‌ له‌ شه‌ڕى به‌ناوبانگی فاو گیانى له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وكات به‌هۆى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى فاو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ى هێزه‌كانى عێراق فاو به‌جێبهێڵن ئه‌وانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستدابوو له‌ كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى به‌ جلوبه‌رگه‌وه‌ ده‌یانشارنه‌وه‌.

ساڵى 2015 خاجى سوورى نێوده‌وڵه‌تى چه‌ند گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ فاو ده‌دۆزنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ ناو كۆگاكه‌ى فاو بووه‌ و (جه‌بار ئیبراهیم)ـى تێدابووه‌، به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ش كه‌ له‌ناو لاشه‌كانیان بووه‌ زانیارییه‌كانیان تۆمار كردوون.

سۆران ده‌ڵێت، له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ى زوبێر پێیان وتراوه‌ كه‌ له‌ساڵى 2022 لیستى ناوى ئه‌م سه‌ربازانه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ شێكیان له‌ گۆڕستانى بێسه‌روشوێنبووانى زوبێر و به‌شێكیشان كه‌ ته‌نیا ئیسكوپروسك مابوون له‌ناو فه‌رمانگه‌كه‌ پارێزرابوون.

رۆژى 22.12.2024 سۆران و براكه‌ى روفاتى جه‌بارى برایان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ سلێمانى و له‌ گۆڕستانى گونده‌كه‌شیان به‌ خاكى ده‌سپێرن.

روفاتى له‌بیركراو له‌ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ى عه...

روفاتى له‌بیركراو له‌ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ى عه‌لۆ عه‌نته‌ر ده‌دۆزرێته‌وه‌

کار بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی 172 ئەنفالکراو دەکرێت

کار بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی 172 ئەنفالکراو دەکرێت

964 بەدواداچوونی بۆ گۆڕغەریبەکانی حزبی شیوعی کردووە

964 بەدواداچوونی بۆ گۆڕغەریبەکانی حزبی شیوعی کردووە