كوێی دیكەش ئەو بڕیارەی داوە؟
هاتوچۆی هەڵەبجە لە سبەیەوە كارەكانی رادەگرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هاتوچۆی هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی حیساباتی كۆتایی ساڵەوە، مامەڵەی هاوڵاتیان رادەگرن، بەڵام دەڵێن خەمیشتان نەبێ، كەس بەهۆی دواكەوتنی مامەڵەكانی غەرامە ناكرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە 23.12.24 رایگەیاند، بەهۆی کۆتاییهاتنی ساڵی ژمێریاری و حساباتی کۆتایی ساڵ، لە سبەی سێشەممەوە كاروباری سەرجەم بەشەكانیان رادەگرن، بۆیە شۆفێران ئاگادار دەكەنەوە، بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان سەردانیان نەكەن، چونكە ماندووبوونیان بەفیڕۆدەچێت.
لەگەڵ ئەوەشدا هاتوچۆی هەڵەبجە ئەوەشی راگەیاندووە، شۆفێران بێخەم بن، هەر كەسێك لەم ماوەیەدا تووشی سزای دارایی ببێتەوە، سزاکانیان بۆ هەژمار ناکرێ، بە مەرجێك راستەوخۆ لە دوای کۆتاییهاتنی پشووی سەری ساڵی نوێوە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان.
ئەمە هەر بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە نییە ئەو بڕیارە داوە، دوێنێ هاتوچۆی هەولێر و ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی و دهۆك، هەروەها ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و زاخۆش هەمان بڕیاریان داوە و ئیتر ئەوانەی ئیشیان لەو بەڕێوەبەرایەتییانە هەیە، با لێی پاڵدەنەوە تا سەرەتای ساڵی نوێ.