ئەم مانگە وەرزی نەهاتە بۆ تەماتە و خەیار

تەماتە و خەیار گرانبوو

میدیازان – دیلان محەممەد – سلێمانی

نالەباری کەشوهەوا بەرهەمی تەماتە و خەیاری لە بازاڕدا کەمکردووەتەوە، لە سلێمانی هەر کیلۆیەک تەماتە نزیکەی ٥٠٠ دیناری چووەتە سەر، کیلۆیەک خەیاریش نزیکەی هەزار دینار گرانبووە.

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، تەماتە و خەیار لە وەرزی پێگەیشتنیاندا نرخیان دادەبەزێت بەھۆی زۆریان لە بازاڕدا، بەڵام ئێستا وەرزی پێگەیشتنیان نییە بۆیە نرخیان بەم شێوەیە بەرزە.

 ئێستا تەماتەی جوان لە عەلوەی سلێمانی كیلۆی بە ١٠٠٠ دینارە، لە بازاڕیشدا بە ١٥٠٠ دینار دەفرۆشرێت. خەیاریش ئێستا نرخی کیلۆیەکی لە بازاڕدا ١٥٠٠ دینارە، بەڵام لە وەرزی پێگەیشتنیدا کیلۆی لە عەلوە بە ٢٥٠ دینار بووە.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وتی، کیلۆیەک تەماتەی جوان پێشتر بە ١٠٠٠ دینار بوو لە بازاڕدا، بەڵام ئێستا نزیکەی ٥٠٠ دیناری چووەتە سەر.

وتیشی، جۆری تەماتە زۆرن لە بازاڕدا تەماتەی ناوخۆ خواروی عێراق و ئێرانی و تورکی ھەیە، لە نرخیشدا جیاوازن.

فرۆشیارێکی سەوزە و میوە دەڵێت، تەماتە بەهۆی خەساربوون گران لەسەریان دەکەوێت و ئێستاش وەرزی پێگەیشتنی نییە، دەشڵێت، ئەم بەیانیە سندوقێکی ١٨ کیلۆیم ھێناوە سێ کیلۆی لێ خەسار بووە.

تایبەت بە میدیازان
تایبەت بە میدیازان
تایبەت بە میدازان