لە گەڕەکی سابوونکەرانی سلێمانی
خانوویەکی کەلەپووری دەکرێت بە مۆزەخانەیەکی هونەری
964+
ژێوار خدر
لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی، خانوویەکی کەلەپووری دەکرێت بە مۆزەخانەیەکی هونەری و کارە هونەرییەکانی هونەرمەندێکی شێوەکاری تێدا نمایش دەکرێت، هەروەها فێرگەیەکی تایبەتیش بە پێگەیاندنی ئارەزوومەندانی هونەری شێوەکاری تێدا دەکرێتەوە.
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، خانوویەکی کۆنی سلێمانییان لەسەر شیوازە کەلەپوورییەکەی خۆی نۆژەن کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بیکەن بە مۆزەیەکی هونەری.
ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی دەڵێت، “سەرەڕای پاراستنی خانوو و گەڕەکە کەلەپوورییەکان، ئەم خانووە دەبێت بە شوێنێک کە میوانان و هونەردۆستان و خەڵکی شارەکە سەردانی دەکەن.”
روونیشیکردووەتەوە، تەرخانکردنی ئەم خانووە، کە موڵکی شوێنەواری سلێمانییە، بۆ کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی کوردی جیهانیی مەدحەت کاکەیی، سەرەڕای گرنگیدان بە هونەر و هونەرمەندان، پاراستنی کەلەپوور و رەسانایەتی شارەکەیە و خزمەت بە رەوتی رۆشنبیری و مێژوویی سلێمانی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە هونەرمەند مەدحەت کاکەیی رایگەیاند: مۆزەخانەکە و وەک ئەو مۆزەخانانە دەبێت کە لە ئەوروپا و ژاپۆن هەن و کارە هونەرییەکانی تێدا نمایش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش داوە، لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا مۆزەکە دەکرێتەوە، کە پێکهاتووە لە کارە هونەرییەکانی قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی هونەرمەند و پیشاندانی ئەو کارەساتانەی بەسەر کوردستاندا هاتووە، فێرگەیەکی تایبەتیش بە پێگەیاندنی ئارەزوومەندانی هونەری شێوەکاری تێدا دەکرێتەوە.
گەلەری مەدحەت کاکەیی دەکەوێتە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی، نزیک مزگەوتی هەمزەئاغا و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕووی میواناندا دەکرێتەوە.