"سەلامەتی ئێوە ئامانجمانە"

هاتوچۆی سۆران منداڵان فێری هێماکانی هاتوچۆ دەکات

964+

شۆڕش قادری

هەر شۆفێران نین کە دەبێت ئاگاداری هێماکانی هاتوچۆ بن، بەڵکۆ پێویستە هەموو هاوڵاتیان و بەتایبەتیش منداڵان شارەزاییان لەو بوارەدا هەبێ، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران چەند سیمینارێک بۆ منداڵانی باخچە و قوتابخانەکان ئەنجام دەدات و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتییان، فێری هێماکانی هاتوچۆیان دەکات.

موحسن تەحسین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت، “بەشی راگەیاندن وشیاری بە هاوبەشی بەشی هاتوچۆی قەزای رواندز لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران چەند سیمینارێکیان لە چەندین قوتابخانە و باخچەی منداڵانان بە ناونیشانی ( سەلامەتی ئێوە ئامانجمانە) پێشکەش کردووە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە رێگای داتاشۆوە، منداڵان بە هێماکانی هاتوچۆ ئاشنا دەکەن و فێری چۆنیەتی پەڕینەوە لە شەقام و ترافیک لایتەکان دەکەن.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران وتیشی، ئەو سیمینارەیان بۆ نۆ قوتابخانە و باخچەی منداڵان ئەنجام داوە و لە داهاتووشدا بۆ چەند قوتابخانەیەکی دیکە ئەنجامی دەدەن.