ئەسپسوارانی کوردستان و عێراق لە دیوانییە خۆیان بۆ جیهان ئامادە دەکەن
+964
دیوانییە
90 سوارچاکی کوردستان و عێراق لە شاری دیوانییە کێبڕکێ دەکەن بۆ نوێنەرایەتی کردنی عێراق لە پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەکان.
پێشبڕکێیەکە ئەمڕۆ شەممە 4ـی شوبات لە ناحیەی نیففەر لە پارێزگای دیوانییە دەستیپێکردووە، لەو 90 سوارچاکەی بەشداری کێبڕکێیەکەن، زۆرینەیان لە پارێزگای هەولێرەوە چوون.
لیژنەیەکی پزیشکی پسپۆڕ ئەو ئەسپانە هەڵدەبژێرن کە بۆ رکابەرایەتییەکە ئامادەییان هەیە،
پێشبڕکێیەکە لە گۆڕەپانێکی کراوەدا ئەنجامدەدرێت و مەوداکەی 40 کیلۆمەترە، ئەوانەی لە پێشبڕکێیەکە براوە دەبن، دەچنە قۆناغی داهاتوو.
یەکێک لە بەشدارانی کێبڕکێیەکە بەناوی عەباس قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێ: لە پێشبڕکێیەکەدا ئەسپی بیانی و عەرەبی بەشدارن، بەپێی توانای خێرایی ئەسپەکان بۆ مەودای دوور و درێژ لە زۆنێکی کراوەدا.
قۆناغی داهاتووی پێشبڕکێیەکە دەستنیشان نەکراوە کە کەی ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەرئەنجامی پێشبڕکێیەکە بۆ ئەوەیە ژمارەیەک ئەسپ و سوارچاک هەڵبژێرن بۆ ئەوەی نوینەرایەتی عێراق لە پاڵەوانیەتی ئەسپسواری عەرەبی و نێودەوڵەتی بکات.