107 فیلم نمایش دەکرێن
یانزەیەمین فێستیڤاڵی سینەمایی دهۆک دەستپێدەکات
964+
پەری ساڵح
ئەمڕۆ ، یانزەیەمین فێستیڤاڵی سینەمایی دهۆک بە بەشداری 107 فیلم دەستپێدەکات و بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین ئەستێرەی جیهانی و عەرەبیش بانگێشتکراون.
لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی دهۆک کاتژمێر 4ـی پاش نیوەڕۆ یانزەیەمین فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوەڵەتی دهۆک دەستپێدەکات، حەسەن عارف بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بە 964ـی وت، “فێستیڤاڵەکە ماوەی هەشت رۆژ دەخایەنێت، 107 فیلم تێیدا بەشدارن کە 46 فیلمیان کوردیە، پێکهاتوون لە فیلمی کورت و درێژ و دۆکیومێنتاری، لەم فێستیڤاڵەدا وەرزش دەبێتە تەوەری سەرەکی فێستیڤاڵەکە، بەهۆی ئەوەی زۆرترین رووداو و بابەتی وەرزشی لەمساڵدا هەبووە”.
وتیشی، بۆ یەکەمینجارە فیلمە درێژەکان بەهەمانشێوەی دهۆک لە هەمانکاتدا لە زاخۆش نمایش دەکرێت، لەوێ ماوەی شەش رۆژ دەخایەنێت، چەندین ئەکتەر و کەسایەتی بەناوبانگ لە وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی و تورکیا و ئێران بانگێشتکراون، لەوانە ئیلهام شاهین، ئەکتەرى بەناوبانگى میسرى.
بەپێی زانیارییەکان ئیلهام شاهین یەکەمجاریەتی دێتە کوردستان و بەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەو لە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت، شەرەفمەند و بەختەوەرم کە یەکەمجارمە دێمە کوردستان”.