"پێکدادان بەردەوامە"
لە سێ ناوچەوە هێرش کراوەتەسەر مەنبج
964+
ئەحمەد مستەفا
لە سێ ناوچەوە، گروپە چەکدارەکان هێرشیان بۆ سەر شاری مەنبج کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە دەستپێکردووە، میدیا خۆجێیەکان لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، “تورکیا لە پشت هێرشەکانە”.
مەنبەج شارێکە لە باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، 30 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای فوراتەوە دوورە، ئێستا لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە و لە سەرژمێری ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 100 هەزار کەس بوو، کە زۆرینەیان عەرەب و کورد، وە تورکمانن.
ئاژانسی هاوار نیوز نوسیوویەتی، ئەوانەی هێرشەکەیان کردووە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیان و بە پشتیوانی ئەوان کراوە ، لە باکور، رۆژئاوا و باشووری شارەکە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی هەسەدە و ئەنجومەی سەربازی مەنبەج و وەڵامی هێرشەکانیان دراوەتەوە و شەڕ بەردەوامی هەیە.
ئەوە لە کاتێکدا، ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە ئەمڕۆ بە 964ی وت، دڵنیا نین تەحریر شام و گروپە هاوکارەکانی ئاڕاستەی هێرشەکانیان بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێچەوانە بکەنەوە، بەڵام هێزە ناوخۆییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ئەرکی رۆژانەی خۆیانن.
ئێستا، هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ناوخۆ خۆسەر، 40%ـی خاکی سوریایان لەژێر دەستە، بەو ناوچانەشی لە دەوروبەری دێرەزوور کۆنتڕۆڵیان کردووە.
گەرچی موسلیم، گۆڕانکارییەکانی پاش 27ـى مانگی رابردوو لە سوریا بە پڕۆژەی ناتۆ و ئەمریکا دەزانێ، بەڵام بۆی روون نییە، لەگەڵ پێشڕەوییەکانی تەحریر شام بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریا، چی مامەڵەیەک لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکەن.