بەهۆی نەدانی موچەوە
بایکۆت لە چەند ناوەندێک لە سلێمانی دەستی پێکرد
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بایکۆتی بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی دەستی پێکردووە و هاوکات زۆرێک لە قوتابخانەکانی سنووری سلێمانی بایکۆتیان کردووە.
بەپێی زانیاریەکانی دەست 964 کەوتووە، هەریەکە لە خانەنشینی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و دادنوسی سلێمانی و شارەوانیەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بایکۆتیان کردووە.
سەرچاوەیەک لە هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی وت، بەیانی ئەمڕۆ دەرگای بەرێوەبەرایەتیەکەیان بەڕووی هاوڵاتیاندا نەکردووەتەوە، بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان.
هەر بەپێی زانیاریەکان، لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن کراوە و دوێنێ ژمارەیەک لە مامۆستایان لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا گردبوونەوە.
ئەو فەرمانگانەی بایکۆتیان نەکردووە تا ئێستا، بەشێک لە فەرمانبەرەکانیان دەچنەوە بۆ دەوام و بەشێکی دیکەیان ناچنەوە و لە هەندێک لە فەرمانگەکان رۆژی پشووی زیادە بۆ فەرمانبەران زیادکراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی