بە دەنگدانێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام درا
کچە یاریزانێکی چەمچەماڵ پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
بە دەنگدانێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام درا، کچە کوردێکی چەمچەماڵ بووە باشترین یاریزانی توپی پێی عێراق لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتوانی ژنان و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
پرژە نیزام بە 964ـی وت، “لە منداڵییەوە خولیای یاریکردن بە تۆپی پێم هەبوو، بەڵام چوار ساڵە بەڕەسمی یاریزانی یانەم لە قەزای چەمچەماڵ، هەروەها لە تیپی ناشیئە لە تازەپێگەیشتوانی عێراق پارساڵ یاریم کرد و ئەنجامی زۆر باشم بەدەستهێناوە” .
وتیشی، “پێشبڕکێکە بە دەنگدان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان شەش یاریزان ئەنجام درا، کە پێکهاتبوون لە یاریزانی بەرگریکار، ناوەڕاست و هێرشبەر، دواجار توانیم بە کۆکردنەوەی هەزار و 439 دەنگ کە دەکاتە 48٪ـی دەنگەکان، پلەی یەکەم بەدەستبهێنم”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 6.12.2024 بە جیاوازی 200 دەنگ لە پلەی دووەم دابووە، بەڵام دوای ئەوەی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی چەمچەماڵ دەنگیان پێداوە، توانیویەتی ببێت بە یەکەم.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری