دەچنە كوێ؟
ئەمڕۆ لە هەولێر دژی وەزیری دارایی عێراق خۆپیشاندانە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر دژی نەناردنی موچەی فەرمانبەران، خۆپیشاندانێك بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان رێكبخرێت.
دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 4.12.2024 خۆپیشاندان و كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن لە دژی وەزیری دارایی عێراق تەیف سامی.
دەزگاكە لە راگەیاندراوێكدا داوا لە هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەكات كاتژمێر 11:00 لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ئامادەبن بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكە.
ئاماژەیان بەوە كردووە، خۆپیشاندانەكە بەرامبەر “پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بە نەدان و بڕینی موچە”.
راشیانگەیاندووە، بۆ ئەم مەبەستە چەندین یاداشتنامە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان و كونسوڵگەرییەكان دەكەن.
ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانە لە كاتێكدایە ئێستا سەرەتای مانگی 12یە، بەڵام فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگەكانی 10 و 11یان وەرنەگرتووە.
لە رۆژانی رابردوو حكومەتی عێراق بڕی 761 ملیار دیناری خستەسەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ موچەی مانگی 10، بەڵام هێشتا دابەشكردنی موچە دەستی پێنەكردووە و لیستەكەش رانەگەیاندراوە، چونكە حكومەتی هەرێم دەڵێت كورتهێنان لەو بڕەپارەیە هەیە و بەشی دابەشكردنی موچە ناكات.