ماوه‌ى سێ ساڵه‌ له‌و وڵاته‌ شۆفێری تاكسی بووه‌

964 چیرۆكى ئه‌و هاوڵاتییه‌ى رواندز بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌یروت گیانى له‌ده‌ستدا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌و هاوڵاتییه‌ى خه‌ڵكى رواندز كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ وڵاتى لوبنان گیانى له‌ده‌ستدا، ماوه‌ى سێ ساڵه‌ له‌و وڵاته‌یه‌ و بڕیاریش رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ته‌رمه‌كه‌ى بگاته‌وه‌ هه‌ولێر.

هاوڵاتییه‌كه‌ ناوى سامان سامى ئیسماعیل، ته‌مه‌ن 48 ساڵ له‌ رۆژی 21.11.2024 لەکاتی پەڕینەوەی لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی بەیروتی پایتەخت ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر خۆی پێدادەكێشێت گیان له‌ده‌ستدەدات.

شاخه‌وان سامی براى ئه‌م هاوڵاتییه‌، به‌ 964ـى وت، براكه‌ى ماوه‌ى سێ ساڵه‌ له‌ وڵاتى لوبنان له‌گه‌ڵ خێزان و منداڵه‌كانى ده‌ژیت و كارى شۆفێری تاكسیشى ده‌كرد.

وتیشی “ئه‌و ماوه‌یه‌ى له‌و وڵاته‌ بووه‌ ئیقامه‌ى هه‌بووه‌ و ناوی خۆشی له‌ نوسینگه‌ى په‌نابه‌رانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تۆمار كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى له‌و وڵاته‌وه‌ بگاته‌ وڵاتێكی ئه‌وڕوپا”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ماوه‌ى 20 رۆژه‌ هاوسه‌ر و سێ منداڵه‌كه‌ى له‌ به‌یروته‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر و ئه‌و رووداوه‌ى براكه‌شی به‌هۆیه‌وه‌ گیانى له‌ده‌ستداوه‌ به‌ رووداوێكی ئاسایی ده‌زانن و تاوه‌كو ئێستاش هیچ داوایه‌كی یاساییان له‌سه‌ر هیچ كه‌سێك له‌و وڵاته‌ تۆمار نه‌كردووه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌مڕۆ چوونه‌ته‌ باڵیۆزخانه‌ى لوبنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و رێكاره‌كانى هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى براكه‌یان ته‌واو كردووه‌ و ده‌ڵێت، ره‌نگه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى داهاتوو ته‌رمه‌كه‌ى بگه‌ڕێننه‌وه‌ هه‌ولێر.

تەرمی پزیشکێکی سڕکردن لەناو ژوورەکەی لە نەخۆشخانە دۆز...

تەرمی پزیشکێکی سڕکردن لەناو ژوورەکەی لە نەخۆشخانە دۆزرایەوە