رووداوی هاتوچۆ بووە هۆی مردنی یەک کەس و برینداربوونی 13ی تر

964+
کاروان ساڵح

ئەمڕۆ لە کەرکوک دوو رووداوی هاتوچۆ لە 8ی بەیانی و 12ی نیوەڕۆ روویانداوە، ئەوەی لای بەیانی دوو برینداری سەختی هەبووە، ئەوەی نیوەڕۆش 11 بریندار و یەک مردن.

بە قسەی پۆلیس، رووداوەکان بەهۆی خراپی کەش و هەوا و تیژڕەوی بووە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی عەدالە لە کەرکوک بە تۆڕی 964ی وت، رووداوەکەی سەرلەبەیانی لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیو بووە لەگەڵ عامودێکی کارەبا، ئەوەی نیوەڕۆ لەنێوان جێب لاریدۆیەک و تۆیۆتایەکی پیکاپ بووە.

لە رووداوی دووەمدا، ئەوەی کە گیانی لەدەستداوە کچێکی هەرزەکار بووە، لەناو بریندارەکانیش ژن و منداڵ هەن.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەرێمی کوردستان چوار کەس لە راپەڕین و کەسێکی دیکە لە دهۆک بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا، سێ کەسیش برینداربوون.