لەسەر رێگای باشماخ
لە رووداوێکی هاتوچۆدا ماتۆڕسوارێک گیانی لەدەست دا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان ماتۆڕێکی سێ تایە و پیکابێکدا لە سەر رێگای خێرای باشماخ رویدا و دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە شۆفێری ماتۆڕەکە گیانی لەدەستداوە.
کەمال سەعدون لێپرسراوی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە 964ـی راگەیاند، بریندارەکە سەرەتا لە نەخۆشخانەی پێنجوێن چارەسەری سەرەتایی وەرگرتووە و دواتر بە ئەمبوڵانس رەوانەی سلێمانی کراوە.
وتیشی، لە رێگادا و لە نزیک سەیدسادق بریندارەکە دۆخی تەندروستی تێکچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سەیدسادق و هەرچەند هەوڵیانداوە لەگەڵی بەڵام گیانی لەدەستداوە.
باسی لەوەشکرد، پێدەچێت توشی خوێندبەربوونی ناوەکی بووبێت چونکە لە کاتی رووداوەکەدا لە پێنجوێن خوێنێکی زۆر لە سەری رۆیشتووە و لەگەڵ ئەوەش ئێسکی قاچێکی بەتەواوی ورد بووە.
رووداوەکە کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگای خێرای باشماخ روویداوە و شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەش لە کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە گیانی لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی