قیرەکەیان بۆ کرا و خۆپیشاندانەکانیان ئیشى خۆى کرد

دانیشتوانى شکارتە و ناوچەى خۆشناوەتى دەحەسێنەوە

964+

وریا فەتاح

دواى چەندین جار لە خۆپیشاندانى دانیشتوانى شکارتە و ناوچەى خۆشناوەتى، دژى تەواونەکردنى رێگاى شکارتە- بالیسان، ئەمڕۆ قیرەکەیان پێگەیشت.

رێگاى شکارتە بۆ بالیسان، دەڤەری راپەڕین دەبەستێتەوە بە خەلیفان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

بڵند عەبدولرەحمانى چالاکوان بە 964ـى وت،” لە دوێنێوە دەستکراوە بە قیرکردنى تەبەقەى یەکەمى رێگامە و ئەمڕۆ تەبەقەى یەکەم تەواو بووە”.

پێشتر دانیشتوانى ئەو سنوورە چەندین جار گردبوونەوەو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژى تەواو نەکردنى رێگەکە، چونکە لەبەر ئەوەى حکومەت پارەى بۆ کۆمپانیاى جێبەجێکار خەرج نەدەکرد، کارکردن لە رێگاکە دەوەستا.

دوو پایز بوو دانیشتوانى شکارتە و خۆشناوەتى لە چاوەڕوانى تەواو بوونى ئەو 23 کیلۆمەترەدابوون، بەڵام وادیارە ئەم زستانەیان لەسەر قیرە نوێکە دەبێت و وەک ئەو چالاکوانە باسى دەکات، رەنگە دواى تەواو بوونى قاتى دووەم لەم هەفتەیەدا رێگەکە بکرێتەوە.

کۆى گشتى پڕۆژەکە 23 کیلۆمەتر و 500 مەترە، پێشتر بەختیار وەرتى، ئەندازیارى کۆمپانیاى جێبەجێکارى پڕۆژەکە بە 964ـى وتبوو، ئەوەى ماوە قیر بکرێت دوو کیلۆمەترە و ئیشى سێ رۆژە، بەڵام حکومەت پارەیان بۆ خەرج ناکات و ئەوانیش کارەکەیان راگرتووە.

“پارەى تەرخان کراو بۆ پڕۆژەکە حەوت ملیار 500 ملیۆن دینارە و لەلایەن بانکە بازرگانییەکانەوە تەمویل کراوە و خەرج دەکرێت تا کاتی تەواو کردنی پڕۆژەکە قۆناغ بە قۆناغ”، پێشتر مەهدى مستەفا، بەڕێوەبەرى ناحیەى بالیسان بە 964ـى وتبوو.

دانیشتوانى شکارتە گردبوونەوە

دانیشتوانى شکارتە گردبوونەوە