کەمتر لە 100 مەتر لە قوتابخانەیەکەوە دوورە

لە حاجیاوا شوێنى باخچەیەک کراوە بە زبڵدان

964+

وریا فەتاح

لە حاجیاوا، کۆبوونەوەى پاشماوەى مریشکى مردارەوەبوو و ورگ و ریخۆڵەى مریشک و رەشەوڵاخ و میوەى رزیوو، لە شوێنێک کە بڕیاربوو بکرێت بە پارک، تەنگى بە قوتابخانەیەک و دانیشتووانى ئەو سنوورە هەڵچنیوە.

شوێنەکە زەوییەکى بەتاڵە لە سەنتەرى شارۆچکەکە و پێشتر مەیدان بووە، بەڵام دواى ئەوەى بڕیاردراوە لەسەر ئەو زەوییە باخچەیەک دروستبکرێت، خاوەن دوکانەکان گواستراونەتەوە و زەوییەکە بە بەتاڵى ماوەتەوە و ئێستا بووە بە زبڵدانى ئەو مریشکفرۆش و میوەفرۆش و گۆشتفرۆشانەى لەوێ دوکانیان هەیە.

نەجمەدین عەلى، بەڕێوەبەرى قوتابخانەى قەندیلى بنەڕەتى لە حاجیاوا بە 964ـى وت،”ئەو شوێنە کەمتر لە 100 مەتر لە قوتابخانەکەمانەوە دوورە، هەر رۆژێک باى شەماڵ هەڵبکات، هەرچى بۆنى ناخۆشى ئەو پاشماوانەیە دێتە ناو قوتابخانەکە و دەبێتە هۆى بێزارکردنى قوتابیان و مامۆستایان”.

وەک باسى دەکات، پێشتر چەند جارێک لایەنە ئیدارییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەشێوەى کاتى پاککراوەتەوە و چارەسەرى بنەڕەتى بۆ نەکراوە، ئێستا واى لێهاتووە ئەگەر پاکیشى بکەنەوە زەوییەکەى بۆنى گرتووە و بۆنەکە هەر دەمێنێتەوە.

داواش دەکات، چارەسەرى بنەڕەتى بۆ ئەو دیاردەیە بکرێت و وەکخۆى دەڵێت،”چیتر بەو بۆنە ناخۆشە کیمیابارانى مامۆستایان و قوتابیان نەکەن”.

964 کێشەکەى خستە بەردەم ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەرى ناحیەى حاجیاوا، ئەو بە 964ـى وت،”ئەو زەوییە لە 1988ـەوە مەیدان بووە، دواتر بڕیاردرا بکرێت بە باخچە و هەرچۆنێک بێت دوکانەکانمان دوورخستنەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى خاوەن دوکانەکان ئامادەنەبوون چۆڵى بکەن، هەتا گواستماننەوە ئەو بودجەیەى کە بۆى تەرخانکرابوو، گەڕایەوە و کارەکان راگیران”.

” بودجەکە زیاتر لە 300 ملیۆن دینار بوو، بەڵام دەستبەردارى نابین و لە پلانى ساڵى داهاتوو جارێکى دیکە بەگەڕى دەخەینەوە”، ئەزوەر جەعفەر واى وت.

لەبارەى چارەسەرکردنى ئەو دیاردەیەى کە زەوییەکە بووە بە زبڵدان، بەڕێوەبەرى ناحیەى حاجیاوا وتى،”زیاتر رۆژانى هەینى بەو شێوەیەیە، چونکە کۆمپانیاى پاککەرەوە پشوویەتى، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوکاندارەکان و کاسبکاران هەست بە بەرپرسیارێتى ناکەن”.

وەکخۆى باسى دەکات، پێشتر کۆمپانیایان ئاگادار کردووەتەوە کە زبالەى گەورە لەو شوێنە دابنێن و رۆژانە پاکى بکەنەوە بۆ ئەوەى بۆن و دیمەنى ناجور لەو شوێنە بڵاو نەبێتەوە، بەڵام دووبارە دەست بە لێپێچینەوە دەکەنەوە بۆ ئەوەى چارەسەرى بکەن.

ناحیەى حاجیاوا، دەکەوێتە سنوورى ئیدارەى راپەڕین و یەکێکە لە ناحیە گەورەکانى هەرێمى کوردستان، هەرچەندە بڕیارى بە قەزابوونى بۆ دەرچووە، بەڵام رێکارەکانى بە قەزابوونى بۆ ئەنجام نەدراوە و تائێستاش وەک ناحیەیەک ماوەتەوە.