مەفرەزەیەکیش راگیراون

زیندانیە ھەڵاتووەکەی گەرمیان دەستگیرکرایەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، زیندانیەک لەکاتی گواستنەوەی لە زیندانی کۆیە بۆ گەرمیان، لە نزیک ناحیەی زەڕایەن لەدەست پۆلیسی گەرمیان ھەڵاتبوو، ئەمشەو دەستگیرکرایەوە.

عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ى وت،”ئەمشەو لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی گەرمیانەوە، ئەو زیندانیەی ھەڵاتبوو، لە بازگەی بەرلووت دەسگیرکرایەوە”.

“ئەو مەفرەزەیەی پۆلیسی گەرمیان کە زیندانیەکە لەدەستیان ھەڵاتبوو، راگیراون و لیکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت”،عەلی قدوری وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد،”ئەگەر کەمتەرخەمیان ھەبووبێت ئەو مەفرەزەیە ئەوا سزا دەدرێن”.

زیندانیەکە لە زیندانی کۆیە بووە، لەلایەن دادگای کەتنی گەرمیان داواکراو بووە بە مادەی 456ی فێڵکردن سزا درابوو.

لەکاتی گواستنەوەی بۆ گەرمیان لە نزیک ناحیەی زەڕایەن، بە بیانوی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و تێکچوونی دۆخی تەندروستی مەفرەزەکە وەستاون و ئەویش فرسەتی ھێناوە و رایکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

زیندانییەک لەدەست پۆلیسی گەرمیان هەڵات

زیندانییەک لەدەست پۆلیسی گەرمیان هەڵات