کەسوکارەکەی گومانیان هەیە و سکاڵایان تۆمار کرد
ژنێک لە زاخۆ دوای نەشتەرگەری قەستەرەی دڵ گیانی لەدەست دا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
نەشتەرگەری قەستەرەی دڵ لە یەکێک لە نەخوشخانە ئەهلییەکانی زاخۆ بۆ ژنێکی تەمەن 40 ساڵان ئەنجامدرا و دوای یەک کاتژمێر لە نەشتەرگەرییەکە، ژنەكە گیانی لەدەستداوە، کەسوکاری ژنەکەش گومانیان هەیە و سکاڵایان تۆمارکردووە.
شایەتحاڵێک کە لەو ساتە لەناو نەخۆشخانەکەدا بوو، بە 964 وت، “پێش ئەوەی ژنەکە گیانی لەدەست بدات، لەبەر چاوی من و هەموو خەڵک کەسوکاری ژنەکە هاواریان دەکرد ئامێرەکە ئیش ناکات، لەو ساتەدا پزیشکی تایبەتمەند ئامادەنەبوو چاودێریی بارودوخەکە بکات و کەسوکاری ژنەکەش هەڕەشەیان دەکرد، ئەگەر نەخوشی ئەوان بەم هۆکارە گیان لەدەستبدات، ئەوان كاردانەوەی خۆیان دەبێت”.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، “لەسەر سکاڵای خانەوادەی ژنەكە، هەر کەسێک پەیوەندی بە نەشتەرگەری ئەو ژنەوە هەبووبێت دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت بەپێی راپۆرتی پزیشکیی داد، کە ئێستا تەرمی ژنەکە لەوێیە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت”.
د. سیروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی زاخۆ لە لای خۆیەوە بە 964ی وت، “لیژنەیەک پێک دەهێنرێن و بە رژدی بەدوای ئەم بابەتەدا دەچین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا