بەرزە هێمای رێنیشاندەر دادەندرێت
ئیتر رێبواران کێشەی رێ دۆزینەوەیان نابێت لە رانیە
+964
ژێوار خدر
لەمەودوا میوانانی رانیە بە ئاسانی رێگەی شارەکانی دیکە دەدۆزنەوە و بە ئاسانی دەتوانن بزانن چەند کیلۆمەتریان ماوە بگەن بە شوێنی مەبەست، چونکە شارەوانی قەزاکە دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ دانانی هێمای رێنیشاندەر و بڕیاریشە لە چەند شوێنێکی جیاوازدا جێگیریان بکەن.
بەرهەم رەسوڵ شارەۆکی شارەوانی راپەڕین بە 964ـی وت، لە ناو رانیە هیچ تابلۆ و هێمایەک نییە بۆ ئەو سەردانیکەرانەی لە قەزاکەوە رەت دەبن تا شارەکانی دیکە و دوورییان بە کیلۆمەتر دیاریبکا، بۆیە بڕیارماندا لە قۆناغی یەکەمدا لە سێ شوێنی جیاوازدا هێمای بەرزە رێنیشاندەر جێگیر بکەین.
وتیشی، لەسەر هێماکە ئاراستە و ناوی قەزا و ناحیەکانی سنوورەکە و دووریان بە کیلۆمەتر دیاریکراوە، پڕۆژەکەش لەسەر داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێدەکرێت.
روونیشیکردەوە، یەکەم هێمای بەرزە رێنیشاندەر، لە دەروازەی شار لە سەر شەقامی دووسایدی رانیە – چوارقوڕنە دادەندرێت.