لە هەموو هەرێمى کوردستان
پڕۆسەی دابەش کردنی زەوی خێراتر دەکرێت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى شارەوانى رایدەگەیەنێت، قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات و لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ 30 هەزار پارچە زەوی دیکە دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکانى سلێمانى لە زارى سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوى کردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوییان خێرا کردووە و ئێستا وردبینی و پێداچوونەوە بە فۆرمی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی، ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکرێت”.
روونیشى کردووەتەوە، قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەم رۆژانە دەستپێدەکات، لەمەودوا هەرجارەو تیروپشک بۆ دەیان هەزار ناو دەکرێت و چیتر تیروپشک کردن بۆ هەزار و دوو هەزار و سێ هەزار ناو نامێنێت.
“لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا بەلایەنی کەمەوە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ 30 هەزار ناو دەکرێت، واتە هەر پارێزگایەک 10 هەزار کەس”، سەربەست مەولود واى وتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ لە سلێمانى و هەولێر و پێشتریش لە هەڵەبجە و چەند شوێنێکى دیکە، وەک قۆناغى یەکەم ژمارەیەکى زۆر پارچە زەوى بەسەر سودمەنداندا، دابەشکران.