ناوی چووەتە ناو 10 بەندەرەوە

قسەوباس هەیە ئەبوزەبی بەڕێوەبردنی بەندەری فاو وەربگرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

دانوستان هەیە لەگەڵ کۆمپانیای بەڕێوەبردنی بەندەری ئەبوزەبی “دوبەی”، کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی بەندەری فاوی عێراق لە بەسڕە لە ئەستۆ بگرێت، لە کاتێکدا بەندەرەکە ماویەتی %100 کارەکانی تەواو ببێت، ناوی خراوەتە سەر نەخشەی 10 بەندەری جیهان.

راوێژکارێکی سودانی دەربارەی خواستی عێراق بۆ نزیکبوونەوە لە کۆمپانیای بەڕێوەبردنی بەندەری ئەبوزەبی دەڵێت، ئێمە هەوڵدەدەین وەبەرهێنان لە شارەزاییەکانیان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان بکەین بۆ دروستکردنی هاتوچۆی دەریایی بەرز لە بەندەرەکەدا، وەک چۆن واژۆمان لەسەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵیان کردووە، هیوادارین بگۆڕدرێت بۆ رێککەوتنێکی فەرمی لە نێوانماندا.

ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە لە چاوپێکەوتنێکدا، بە میدیای فەڕمی حکومەتی عێراقی وتووە، پێنج سەکۆکەی بەندەری فاو کە دوێنی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانی کردییەوە، بەشی یەکەمی پلانێکی گەورەی جیهانییە بۆ دروستکردنی 95 شوێنی نیشتەجێبوون تا ساڵی 2050، کە هەندێکیان بۆ وەبەرهێنان بەردەست دەبن.

باسی لەوەشکرد، عێراق پلانی “A” و پلانی “B”ی هەیە، یەکەمیان رێگای گەشەپێدانە، کە هێشتا لە ژێر دیزایندایە پلانی دووەم بریتییە لە پەرەپێدانی هێڵی ئاسنی کۆن و بەستنەوەی بە ڕێگای گەشەپێدانەوە.

کردنەوەی پێنج سەکۆی کۆنتێنەرەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەندەری فاو، بەندەرەکەی خسووەتە سەر نەخشەی 10 گەورەترین بەندەری جیهان، ئەو رێگایەی کە بە رێگای گەشەپێدانەوە دەبەسترێتەوە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت، لە هەمان کاتدا تونێلی بەندەرەکەش، دەبێت پێش مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو تەواو بێت.

سەکۆکان پەیوەست دەبن بە بەندەری فاو بۆ وەرگرتنی تانکەری نەوت و گاز، هەروەها وێستگەی گواستنەوەی پێشکەوتوویان تێدایە، بەڵام پڕۆژەکە هێشتا لە ژێر دیزایندایە، ئەمە جگە لە شارێکی پترۆکیمیایی یەکگرتوو و وێستگەیەکی ئاو و وێستگەیەکی شەمەندەفەر بۆ پەیوەست بوون بە رێگای گەشەپێدانەوە.

راوێژکارەکەی سودانی دەڵێت، ئێستا بەندەرەکە ئامادەیە بۆ کارکردن، هەروەها هەندێک کەشتیی بارکراوی کۆنتێنەری وەرگرتووە، بەڵام ئێستا خەریکی دانانی هەندێک میکانیزمی دابەزاندنن بۆ ئەوەی بەندەرەکە بە توانای 100% لە رۆژانی داهاتوودا کاربکات.

بەهۆی زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق لە ساڵێکدا، توانای بەندەری فاو لە 3 ملیۆن و 500 هەزار کۆنتێنەرەوە بۆ 4 ملیۆن کۆنتێنەر زیادی کردووە، هەروەها توانای بەندەری فاو بە شێوەیەکی سەربەخۆ زیاد دەکات لەگەڵ تەواوبوونی بەشەکانی دیکەی پڕۆژەکە.

یەكەم كەشتی گەورەی بازرگانی لە بەندەری فاو پێشوازی كرا

یەكەم كەشتی گەورەی بازرگانی لە بەندەری فاو پێشوازی كرا