عێراق سێ یەکەمەکانی کوردستان دادەمەزێنێت، لێرەوە بزانە کەی؟

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا داوا له‌ سێ یه‌كه‌مه‌كانى سه‌ر ئاستى كۆلیژ و به‌شه‌كانى زانكۆكانى هه‌رێم ده‌كات، به‌ “په‌له‌” سه‌ردانى شوێنى ده‌رچوونیان بكه‌ن، به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى زانیاری لێیان و دامه‌زراندنیان له‌سه‌ر میلاكی حكومه‌تى عێراق.

به‌پێی نووسراوێكی فه‌رمى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان، به‌ ژماره‌ 2161 له‌ رۆژى 31ى كانوونى دوه‌ه‌مى 2023 ئاڕاسته‌ى ته‌واوى زانكۆ حكومییه‌كانى هه‌رێمى كردووه‌، داواى لێكردوون به‌ “په‌له‌” ناوى سێ یه‌كه‌مه‌كانى بۆ بنێرن، له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریانه‌ى پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر میلاكى حكومه‌تى عێراق دابمه‌زرێن.

به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌ى وه‌زاره‌ت، كه‌ وێنه‌یه‌كی لاى تۆڕى964ـه‌، سێ یه‌كه‌مه‌كانى زانكۆ و په‌یمانگاكان دەبێت ده‌رچووى ساڵانى خوێندنى (2003 تاوەكو 2021) بن، ئه‌وانەش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ دانیشتووى ده‌ره‌وه‌ى سنوورى هه‌رێمی كوردستانن.

 ئه‌و نووسراوه‌ى وه‌زاره‌ت پشتبه‌سته‌یه‌ به‌ نووسراوه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌ ژماره‌ 222 له‌ 19ى كانوونى دووه‌مى 2023 و، دوو نووسراوى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا به‌ ژماره‌كانى 2139 له‌ 16ى كانوونى دووه‌م و 1267 له‌ 10 ى كانوونى دووه‌می 2023.

 ئه‌مڕۆ 1ى شوباتى 2023، كۆلێژی ته‌كنیكی سۆران له‌ لاپه‌ڕه‌ى فه‌رمى فه‌یسبووكه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و نووسراوه‌، ئاگاداری دەرچووانی سێ یەکەمەکانی گشت بەشە زانستیەکانی کۆلێژەکەیانى كردووەته‌وه‌، رۆژی شەممە رێکەوتی 4ى شوباتى 2023 سەردانی هۆبەی کارگێڕییان بكه‌ن، بە مەبەستی دامەزراندنیان لەسەر میلاکی حکومەتی عێراقی فیدرالی و وەرگرتنی زانیاری تایبەت.