لەسەرەدا دەوەستان و گیرفانى خەڵکیان دەبڕى

ئەو کەسانەى لە هاتوچۆى هەولێر دزیان لە هاوڵاتیان دەکرد دەستگیر کران

964+

وریا فەتاح

پۆلیسى هەولێر، دەستگیرکردنى ئەو دوو تۆمەتبارەى راگەیاند کە لە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر لەگەڵ هاوڵاتیان لەسەرەدا دەوەستان و لە پشتەوە دەستیان بە گیرفانى هاوڵاتیاندا دەکرد و دزیان لێدەکرد.

پۆلیسی پارێزگای هەولێر، گرتەى ڤیدیۆى ئەو دوو تۆمەتبارەى بڵاوکردەوە کە لە شوێنی مامەڵەکردنی هاووڵاتیان و راییکردنی مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر فێڵ و دزییان لە خەڵک کردبوو و پارەیان لێ بردبوون.

هەرچەندە رۆژى دەستگیرکردنى ئەو دوو تۆمەتبارە ئاماژەى پێنەکراوە، بەڵام وەک ئەوەى پۆلیس دەڵێت، تیمەکانیان لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک، بە بڕیاری دادوەری لێکۆینەوە و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کرد.

“تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، شەش سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و پێشینەی تاوانیشیان”، هاتوچۆى هەولێر وا دەڵێت.

رۆژى 18.9.2024، کاروان ساڵحى پەیامنێرى 964 بۆ کارێکى تایبەت بەخۆى دەچێتە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر، بەڵام دەبینێت لەلایەن پۆلیسەوە کەسێک دەستگیرکرا.

لە ناو بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی هەولێر کەسێک دەستگیرکرا

لە ناو بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی هەولێر کەسێک دەستگیرکرا

بەپێى ئەوەى کاروان ساڵحى ئەوکات لە کارمەندانى هاتوچۆ دەستى کەوت، ئەو کەسە لەگەڵ هاوڵاتیاندا لە ریز وەستاوە و خۆى لێ نزیککردوونەتەوە و پارەى لێ دزیون.

هەر ئەو رۆژە 964 هەواڵەکەى بڵاوکردەوە، بەڵام نە پۆلیس و نە هاتوچۆ ئامادە نەبوون ئەو بابەتە بۆ 964 پشتڕاست بکەنەوە.