کچی سەرۆک لە کوێیە؟

ئیڤانکا لە سەروبەندی دەنگدان 16 وانەی بڵاوکردەوە یەکێکیان باسی باوکی ناکات

964+
ئەحمەد مستەفا

ئێوارەی رۆژی دووشەممە و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، ئیڤانکا ترەمپ لە ئەکاونتە کەسییەکانی، بابەتێکی درێژی 16 خاڵی بڵاوکردەوە، دیدگای خۆی سەبارەت بە “وانەکانی ژیان” باسکرد، دوای ئەوەی بەم دواییە ئاهەنگی لەدایکبوونی 43 ساڵەی گێڕا.

بڵاوکراوەکەی ئیڤانکا، قسەی دڵی خۆی و دەوروبەری تێدا بوو، تاکە ناوێک کە بزربوو، ناوی باوکی بوو دۆناڵد تڕەمپ، لە کاتێکدا وا رۆژ دەبێتەوە و خەڵک دەچن تڕەمپ یان کامالا دەکەن بە سەرۆکی ئەمریکا.

ئیڤانکا ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان، رووخسارێکی دیار بوو هاوشان لەگەڵ باوکی، بەڵام کاتێک لە کاندیدکردنەوەی دووەم باوکی سەرنەکەوت بۆ کۆشکی سپی دوورکەوتەوە، بۆ سێیەم خۆ کاندیدکردنەوەی ترەمپ-یش لە کاتی بانگەشەکاندا نەبینرا.

دەوروبەری باس لە هەندێک هۆکار دەکەن، بەڵام میدیای ئەمریکی شتێکی دیکە، کە زۆرینەیان دوو خاڵ بە هۆکار دەهێننەوە، رەنگە دووبارە دەرکەوتنەوەی چالاکانەی ئیڤانکا، کێشەی جددی لەناو خێزانی ترەمپدا دروست بکات، هەروەها نیگەرانی ئیڤانکا خۆیەتی دەربارەی رەخنەی میدیای ئەمریکی کاتێک راوێژکاری باوکی بوو.

جارێد کوشنەر هاوسەری ئیڤانکا ترەمپ، لە دواین قسەی بۆ نیویۆرک تایمز وتوویەتی، هیچ پلانێکیان نییە ژیانیان بگۆڕن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ سەرنجیان لەسەر سیاسەت بێت، تەنانەت ئەگەر خەزوورەکەی”تڕەمپ” لە کێبڕکێی کۆشکی سپیدا سەربکەوێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کوشنەر وتی، ئێمە پشتگیری لێدەکەین (دۆناڵد ترەمپ) و دیارە شانازی پێوە دەکەین، بەڵام دەزانین، بە هەر دوو رێگاکە، سەرکەوتن یان دۆڕان، ژیانمان بەردەوام دەبێت لە هەنگاونان بۆ پێشەوە.

باوکی ئیڤانکا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2016 لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئیڤانکا بۆ دوو پۆستی فەرمی دەستنیشانکرا کە بریتی بوون لە راوێژکار و سەرۆکی فەرمانگەی دەستپێشخەرییە ئابوورییەکان و کارگێڕیەکانی سەرۆک.

ئیڤانکا دوای دۆڕانی باوکی بە جۆ بایدن لە ساڵی 2020 سیاسەتی جێهێشت، کاتێک باوکی بە فەرمی نیازی خۆی بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە تشرینی دووەمی 2022 راگەیاند، ئیڤانکا رایگەیاند کە بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا ناکات.

هەرچەندە ئیڤانکا بۆ ماوەیەکی کورت لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان دەرکەوت، بەڵام وەک ساڵانی ڕابردوو قسەی نەکرد، هەروەها بەشداری دادگاییکردنی تاوانکاری مێژوویی باوکی و سزادانی لە مانهاتن نەکرد.

نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر، لەکاتێکدا باوکی رێکارەکانی سێیەمین خۆکاندیدکردنی بۆ کۆشکی سپی دەستپێکردووە، ئیڤانکا رایگەیاند، کە ئەو و کوشنەر لە سیاسەت پاشەکشە دەکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان و ژیانی خێزانەکەیان لە پێشینەدا دابنێن، ئەوەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی نیویۆرک سێرڤیس.

سەرۆکی ئەمریکا پێنج منداڵی لە سێ ژنی جیاواز هەیە، ئەوانیش (دۆناڵد ترەمپی گەنج، ئیڤانکا ترەمپ، ئیریك ترەمپ، تیفانی ترەمپ و باڕۆن ترەمپ).

ئەم هەڵبژاردنە لە مێژووی ئەمریکادا ژمارەی پێوانەیی دە...

ئەم هەڵبژاردنە لە مێژووی ئەمریکادا ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت

65 ملیۆن ئەمریکی لە دەنگدانی پێشوەختەی ئەمریکا دەنگیان ...

65 ملیۆن ئەمریکی لە دەنگدانی پێشوەختەی ئەمریکا دەنگیان دا

بۆچی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە رۆژی سێشەممە و لە مانگی 11دا ...

بۆچی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە رۆژی سێشەممە و لە مانگی 11دا ئەنجام دەدرێت؟