دەڵێن، "رێگاکەمان بە قوڕ گیراوە"
شۆفێرانى مەرزى کێلێ گردبوونەوە
964+
وریا فەتاح
شۆفێرانى بارهەڵگرى مەرزى کێلێ لە سەر رێگاى قەڵادزێ بۆ مەرزى کێلێ گردبوونەوە و وەک خۆیان دەڵێن، بەهۆى ئەوەى کار لە رێگە سەرەکییەکەدا دەکرێت، ئەو رێگا گڵەى بووە بە جێگرەوەى رێگا سەرەکییەکە، بەهۆى بارانەوە بووە بە قوڕ و خلیسک.
شۆفێران بە 964 یان وت، لە هاویندا بەهۆى خۆڵ و ئێستاش بەهۆى قوڕ و خلیسک، ژیانیان کەوتووەتە مەترس.
داوا دەکەن بەزووى چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و رێگا سەرەکییەکە بەزوویى قیر بکرێت، ئەگینا کارەکانیان بە تەواوى رادەگرن و هاتوچۆىى مەرزەکە پەکدەخەن.
مەرزى کیلێ دەکەوێتە سنوورى پشدەر و لە دیوى ئێرانیشەوە سەر بە سەردەشتە، مەرزێکى لاوەکى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێرانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح