لە رێگای دهۆک
تانکەرێکی تورکی لە ئۆتۆمبێلێکی دا و شۆفێرەکەی کوشت
964+
شۆڕش قادری
لە پارێزگای دهۆک تانکەرێکی تورکیا خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشا و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەست دا.
بە قسەی ئازاد تەها وتەبێژی هاتوچۆی دهۆک، “کاتژمێر 10.35 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2.11.2024 لەسەر رێگای سەرەکیی قەزای بەردەڕەش بۆ ناحیەی کەڵەک لە چوارڕیانی گوندی دووسەرە، رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان روویداوە”.
“رووداوەکە بەوشێوەیە بووە کە تانکەرێکی تورکی خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری شۆفرلێت ئۆپترادا کێشاوە و لە ئاکامدا شۆفێری شۆفرلێتەکە گیانی لەدەستداوە”، ئازاد تەها لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وای نووسیوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تەرمی ئەو کەسە رەوانەی پزیشکیی دادی کراوە و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.
وتەبێژی هاتوچۆی دهۆک ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا نەکردووە، کە گیانی لەدەستداوە و زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە ئاشکرا نەکردووە.