دواى سوتانى دوکانێک
دوکاندارانى قەڵادزێ دەرسیان وەرگرت
964+
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
دواى ئەوەى دوکانێکى مۆبایل لە قەڵادزێ بەهۆى شۆرتى کارەباوە سووتا و زیانى هەزاران دۆلارى بەرکەوت، دوکاندارەکانى دیکە بوو بە دەرسێک بۆیان و بەتێکڕا بوتڵى ئاگرکوژێنەوەیان دانا.
رۆژى دووشەممەى رابردوو، فرۆشگایەکى مۆبایل بەهۆى شۆرتى کارەباوە لەناو بازاڕى قەڵادزێ سووتا، وەک ئەوەى خاوەنى فرۆشگاکە بە 964ـى وت زیانى 11 دەفتەر دۆلارى بەرکەوتووە.
ئەم رووداوە بوو بە وانەیەک بۆ دوکاندارەکانى دیکە و بەهۆشى هێنانەوە، هەر بۆیە رۆژێک دواى رووداوەکە دەستیان بە جێبەجێکردنى مەرجەکانى بەرگرى شارستانى و بوتڵى ئاگرکوژێنەوەیان دانا.
هۆشمەند ئەحمەدى دوکاندار کە هاوسێى ئەو فرۆشگایە سوتاوەیە، وێراى دڵگرانى بۆ دراوسێکەىـ بە 964ـى وت،” دوای ئەم روداوە وەک دوکانداران بڕیارماندا کە بوتڵی ئاگرکوژاندنەوە لە دوکانماندا ببەستین بۆئەوەی لەرووداوێکی وەهادا بەکاری بێنین و سەلامەت بین”.
ئەو دوکاندارە پێى وایە، ئەگەر بوتڵى ئاگرکوژێنەوە هەبوایە دراوسێکەیان ئەو زیانەى زۆرى بەرنەدەکەوت و دەتوانرا زوو کۆنتڕۆڵ بکرێت، وەک باسى دەکات، یەکێک لە دوکاندارەکان لە رێگەى ئەو بوتڵى ئاگرکوژێنەوەیەى داینابوو، توانى رێگرى بکات لە تەشەنەکردنى ئاگرەکە بۆ دوکانەکەى خۆى، خۆ ئەگەر هەمووان بوتڵى ئاگرکوژێنەوەیان هەبوایە ئاگرەکەش کۆنتڕۆڵ دەکرا.
لەو گوزەرە نزیکەى 20 دوکانى لێیە و بەشى زۆریان بوتڵى ئاگرکوژێنەوەیان داناوە و ئەوانى دیکەش وەک بۆ پەیامنێرى 964 قسەیان کردووە دەیبەستن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح