بە قۆرخکارى تۆمەتبارکراوە
ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە سەرۆکەى دورخستەوە
964+
وریا فەتاح
ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە سەرۆکەکەى دورخستەوە و جێگرەکەشى بە قۆرخکار و پابەندنەبوون بە بڕیارى دانیشتنەکان تۆمەتبارى دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، بە ئامادەبوونى نۆ ئەندام لە کۆى 15 ئەندام، بڕیاریدا بە دورخستنەوەى عومەر کروى، سەرۆکى ئەنجومەنەکە.
لاى خۆیەوە، سالم تەمیمى، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنەکە کە بەشێک بووە لەوانەى بڕیاریداوە بە دورخستنەوەى سەرۆکەکەى رایگەیاند، عومەر کروى پۆستەکەى بۆ بەرژەوەندى خۆى قۆرخ کردبوو و پابەند نەبووە بەو بڕیارانەوەى کە ئەنجومەنەکە دەرى کردوون، ئەوە جگە لە پشتگوێخستنى ئەو دۆسیانەى کە خزمەت بە هاوڵاتیان دەکەن.
روونیشى کردەوە کە دەرگاى خۆکاندیدکردنیان کردووەتەوە و بۆ ماوەى هەفتەیەک کراوە دەبێت بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت و ببێتە سەرۆکى ئەنجومەن.
دواى چەند کاتژمێرێک لە دوورخستنەوەى، سەرۆکى لەکارلابراوى ئەنجومەنى دیالە بە پەیامنێرانى راگەیاند کە پەیامنێرى 964یش ئامادەى بوو، وتى،” دانیشتنەکە نەیاسایى بووە و نەفەرمى، لەلایەن نۆ ئەندامەوە بەڕێوەچووە و بە مەبەست پرسی لێپرسینەوە و دەرکردن لە هەمان کاتدا وروژێنرا و ئەوەی روویداوە شایستە نەبوە و بە ئامانجگرتنى من بووە.
بەپێى نوسراوى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ کە وەک کۆبوونەوەیەکى نا ئاسایى پێناسەکراوە، تێیدا هاتووە بە زۆرینەى دەنگ بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەى عومەر کروى لە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە.