لە کفری هەڵمەتێک بۆ لابردنی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد - وێنە: هاتوچۆی کفری
"هێماکانی هاتوچۆی ناوشاریان شاردبووەوە"
لە کفری هەڵمەتێک بۆ لابردنی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد
964+
شۆڕش قادری
پۆستەری و فلێکسی کاندیدەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کوردستان هێند زۆر بوون، لابردن و کۆکردنەوەیان بەمزووانە کۆتایی نایەت.
لە قەزای کفریش، تازە بە تازە هەڵمەتێک بۆ پاکردنەوەی شار لە پۆستەر و ئاڵای لایەنە جیاجیاکانی بەشداربووی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کفری رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 28.10.2024 بەمەبەستی بەرچاوڕوونی شۆفێرانی ئازیز و بە هاوکاری بەشی چاکسازی کارەبای کفری، هەڵمەتێکیان بۆ لادانی ئەو پۆستەر و ئاڵایانە ئەنجامدا، کە لە لایەن کاندید و لایەنە جیاجیاکانی بەشداربووی هەڵبژاردنەوە دانرابوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لادانی ئەو پۆستەر و ئاڵایانە لەکاتێکدایە، کە بەشێکی زۆریان، هێماکانی هاتوچۆ و ترافیکەکانی ناوشاریان شاردبوویەوە، ئەوەش گرفتی بۆ شۆفێران دروستکردبوو.
رۆژی هەینی 20.10.2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و بە قسەی مەروان محەمەد بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاندیدەکان لەو رێکەوتەوە، 30 رۆژیان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی پۆستەر و فلێکسەکانیان کۆبکەنەوە، ئەگەرنا سزا دەدرێن.