"بوونەتەهۆی زیادبوونی رووداوەکانی هاتوچۆ"
رێگای تانکەر و بارهەڵگرەکان لە خورماتوو دەگوازرێتەوە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
رێگای تانکەر و بارهەڵگرەکان لە نێوان کەرکوک – بەغدا کە لە ئێستادا بەناو سەنتەری خورماتوودا تێپەڕدەبن، دەگوازرێتەوە.
زوڵفەقار حەیدەر قایمقامی خورماتوو بە 964ـی وت، “لەمەودوا تانکەر و بارهەڵگرەکان لەبری ئەوەی بەناو خورماتوودا تێپەڕن، بە پشتوێنەی دەروازەی باکووری خورماتوودا دەڕۆن کە پێشتریش هەبوو، چونکە ماوەیەکە بوونەتەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و رووداوەکانی هاتوچۆ”.
وتیشی، نۆژەنکردنەوە و چاکککردنی رێگای سەرەکی ناو سەنتەری خورماتوو کە رێگای کەرکوک – بەغدای لەسەرە، بووەتەهۆی تیژڕەویی ئۆتۆمبێلەکان و بەتایبەتیش بارهەڵگرەکان بە خێرایی زۆرەوە دەڕۆن، هەر بەوهۆیەشەوە چەند رووداوێکی هاتوچۆ روویانداوە و ژمارەیەک هاوڵاتی بوونەتە قوربانی.
“بۆ لەمەودوا جگە لە ئۆتۆمبێلی بچوک و مامناون، رێگە بە هیچ بارهەڵگرێت نادرێت بە ناو خورماتوودا تێپەڕێت”، زوڵفەقار حەیدەر وای وت.
بەپێی ئامارێکی هاتوچۆی خورماتوو، تەنها لەهەفتەی رابردوودا، شەش رووداوی هاتوچۆی بارهەڵگر لە ناوەندی قەزاکە روویانداوە، بەهۆیانەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکەش برینداربوون کە تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری