له‌ ته‌وێڵه‌ ده‌نێژرێت

ئاشتى هه‌ورامی كۆچی دوایی كرد

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووتری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد.

حه‌مید بارام، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌ بۆ‌ 964 پشتڕاستى كرده‌وه‌ كه‌ ناوبراو كۆچی دوایی كردووه‌.

وتیشی “سبه‌ى له‌ گۆڕستانى ته‌ویڵه‌ ده‌نێژرێت و سه‌رله‌به‌یانییه‌كه‌ى پرسه‌ى بۆ داده‌ندرێت، دواى نیوه‌ڕۆش پرسه‌كه‌ى ده‌چێته‌ سلێمانى و له‌ مزگه‌وتى سه‌یوان دوو درێژه‌ به‌ پرسه‌كه‌ى ده‌درێت”.

عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، ناسراو به‌ (ئاشتى هه‌ورامی) لەدایکبووی ساڵى  1948ـه‌ لە سلێمانی، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بووه‌ بۆ کاروباری وزە و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ھەرێمی نەوت و گازی کوردستانیش بوو.

لە کابینەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سروشتییەکان بووه‌.

ساڵی 1971 بەکالۆریۆسی لە نەوت بەدەستھێناوە لە بەغدا، لە ھەمان ساڵ لە کۆمپانیای نەوتی عێراق لە بەسرە وەک ئەندازیار کاری کردووە. ساڵی 1975 تاوەکو 1982 لە بەریتانیا وەک ئەندازیار لە کۆمپانیایەکی نەوتی بەریتانی کاریکردووە. ساڵی 1978 ماستەری لە ئەندازیاری نەوت لە سکۆتلەند بەدەستھێناوە. ساڵی 1982 تاوەکو 1985 گەورە ئەندازیاری ئینترا بووە. ساڵی ٢٠٠٦ بووەتە وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.