11 نه‌خۆشخانه ‌و سه‌نته‌رى جوانكارى داخران

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هێرۆ مه‌ولودى – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی 8 سەنتەری جوانكارى و 3 نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەرێمی كوردستان داخستوون و ده‌ڵێ هۆكاره‌كانیان به‌سه‌رچوونى مۆڵه‌ت و سه‌رپێچی ته‌ندروستییه‌.

كه‌نعان كانه‌بى به‌ڕێوه‌به‌رى پشكنین و به‌دواداچوون له‌ وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، ئه‌وه‌ى بۆ تۆڕى964 ئاشكرای كرد، كه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژی رابردوودا، بەهۆی به‌سه‌رچوونی مۆڵەتەكەیان، دوو نەخۆشخانەی گەورەی ئەهلی لە هەولێر بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی داخراون، كە یەكێكیان نزیكەی ماوەی ساڵێك و ئەوەی دیكەش دوو ساڵ بەسەر مۆڵەتەكەیدا تێپەڕیوە و تازەیان نەكردووەتەوە.

تۆڕى964 ده‌زانێت، كه‌ نه‌خۆشخانه‌كانى شیفا و زانكۆ له‌ هه‌ولێر، ئه‌و دوو نه‌خۆشخانه‌یه‌ن، كه‌ به‌هۆى به‌سه‌رچوونى مۆڵه‌ته‌كانیان داخراون.

كه‌نعان وتیشی “هەردوو نەخۆشخانەكە وێڕای سزای داخستن، بە بڕێك پارەش غەرامەكراون، كە بەرامبەر هەر مانگێك دواكەوتنیان، ملیۆنێك دیناریان وەك غەرامە پێ دەبژێردرێت.”

به‌ڕێوه‌به‌رى پشكنین و به‌دواداچوون، ئه‌وه‌شی بۆ تۆڕى964 ئاشكراكرد، هەر لەم ماوەیەی رابردوودا توانیویانه‌ لە سلێمانی دوو سەنتەری جوانكارى، لە دهۆك 7 سەنتەر، لە زاخۆ سەنتەرێك و نەخۆشخانەیەكی ئەهلی دابخه‌ن‌.

له‌باره‌ى هۆكارى داخستنیشیان وتى “به‌سه‌رچوونى مۆڵه‌ت و سه‌رپێچی و ره‌چاونه‌كردنى لایه‌نى ته‌ندروستى، هۆكاره‌كانى داخستنى ئه‌و نه‌خۆشخانه‌و سه‌نته‌رانه‌ن”.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕی964،‌ وەزارەتی تەندروستی یه‌كێك له‌و پابه‌ندكردنانه‌ى به‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كاندا سه‌پاندوویه‌تى‌، بریتییه‌ له‌ تازەكردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەیان كە رێوشوێنی ئەوتۆ لە كاتی تازەكردنەوەكە دەگیرێتە بەر، له‌وانه‌ش بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانیان.