سبەینێ دەنگ دەدەن
دەربەندیخان ھیچ بنکەیەکی دەنگدانی تایبەتی تێدا نیە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
سبەینێ ھەینی 18.10.2024 دەنگدانی تایبەتی ھێزە ئەمنییەکان، بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت،بەڵام ھیچ بنکەیەک لە قەزای دەربەندیخان دیاری نەکراوە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، بارگرانی دروست دەکات و کێشەی ئەمنیمان بۆ دروست دەبێت.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـى وت،”لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو بنکەی دەنگدانی تایبەت لە قەزاکە ھەبووە، بەڵام ئەمجارە کۆمسیۆن پێیان وتوین چونکە ھیچ بارەگایەکی ھێزە ئەمنییەکان لە قەزاکە نیە، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە بنکەی دەنگدانی تایبەتیش لە قەزاکە دانەنراوە”.
“ئەو کەسانەی کە لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن، سبەینێ بە پاس لە دەربەندیخانەوە دەبرێنە سەیدسادق و عەربەت و سلێمانی و کەلار و لەو شوێنانە دەنگی خۆیان دەدەن”،سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو نزیکەی دوو ھەزار دەنگدەری تایبەت ھەبووە لە قەزاکە، جگە لە دروستکردنی بارگرانی بۆ ئەو کەسانەی بەشداری دەنگدانی تایبەت دەکەن، کێشەش بۆ قەزاکە دروست دەبێت چونکە ھێزەکانی پۆلیس و ھاتووچۆش لە شار نابن.
بەوتەى قایمقامى دەربەندیخان، چونکە سبەینێ مووچە دابەشدەکرێت قەرەباڵەغی زۆر لە بەردەم بانکی دەربەندیخان دروست دەبێت و پێویستی بە پۆلیسی ھاتووچۆیە بۆ ئەوەی ھاتووچۆی شەقامەکە ڕێک بخاتەوە، بەڵام ئەو هێزانە دەڕۆن بۆ دەنگدان و ئەوەش دەبێتە گرفت.
لە دەنگدانى تایبەتدا 215 هەزارو 960 دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن کە دابەشبوون بەسەر چوار بازنەى هەڵبژاردندا، بەم شێوەیەى خوارەوە:
هەولێر: 89 هەزار و 791
سلێمانى: 78 هەزار و 661
دهۆک: 40 هەزار و 656
هەڵەبجە: 952
لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 کەس مافى دەنگدانیان هەیە ژمارەى دەنگى دەنگدانى تایبەت 7.4%ـى کۆى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان پێکدەهێنن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح