مامۆستایانی وانەبێژ ئاگادار بن
سبەی تیمێکی پشکنینی چاو دەچێتە پێنجوێن
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بە مەبەستی پشکنینی چاوی مامۆستایانی وانەبێژ، سبەینێ شەممە 12.10.2024 تیمێکی پشکنینی چاو لە تەندروستی سلێمانییەوە دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن.
ئەسعەد جافر بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە 964ـی وت، “بەهۆی نەبوونی پزیشکی چاو، داوامان کردووە تیمێک لە سلێمانییەوە بێتە پێنجوێن بۆ پشکنینی چاوی مامۆستایانی وانەبێژ”.
“تیمەکە تەنها سبەینێ لە پێنجوێن دەمێننەوە و لە کاتژمێر 8:30ـی سەر لە بەیانییەوە دەست بەکار دەبن و پشکنینی چاو بۆ سەرجەم مامۆستاکان دەکەن”، ئەسعەد جافر وای وت.
باسی لەوەشکرد، تیمەکە لە ناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە پشکنین دەکەن و دابەش نابن بەسەر قوتابخانەکەدا.
لە پێنجوێن 562 مامۆستای وانەبێژ هەیە و مامەڵەی بە گرێبەست بوون دەکەن، ئەگەر ئەو تیمە نەچووبایە پێنجوێن، دەبوو بۆ پشکنینی چاویان روویان لە سلێمانی بکردایە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری