حکومەتی هەرێم موچەکەیان دەدات

داوای هەڵوەشاندنەوەی دوو فەرمانگە لە کەرکوک و خانەقین کراوە

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گەیشتووەتە فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک، وەزارەتەکە دەڵێت، “لەسەر داوای وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای هەڵوەشانەوەی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک و بەڕێوەبەرایەتی چاکردن و پاراستنی رێگاوبانی خانەقین” دەکات.

نوسراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 19.9.2024 دەرچوێندراوە و بە واژۆی وەزیر دانا عەبدولکەریم، بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە 9.10.2024، کۆپییەک لە نوسراوەکە گەیشتووەتە فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک.

فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک 253 فەرمانبەر و بەرێوەبەرایەتی چاکردن و پاراستنی خانەقین 171 فەرمانبەریان هەیە، کە راژە و موچەیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی دارایی هەرێم موچەیان پێ دەدات.

لە بارەی چارەنووسی فەرمانبەرەکان، مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە 964ی وت، دەبێت بەدواداچوون بۆ چارەنووس و رێکارەکان بکەن، دواتر قسەیان دەبێت. بەڵام وەزارەتەکە جگە لەو فەرمانبەرانە ئاماژە بە ناوی 11 کەس دەکات کە بە گرێبەست دامەزراون و موچەیان راگیراوە.

بەپێی سۆراغی 964، هەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانگانە داواکاری تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراقە بەوەی کە ئەو فەرمانگانە حکومەتی عێراق خاوەندارێتی لی دەکات و نابێت بۆ دوو فەرمانگەی هاوشێوە موچە بدرێت، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە 964ی وت، دەبێت فەرمانگەکان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام چارەنووسی فەرمانبەرەکان تائێستا ناوونە.

پێشبینی ئەوە دەکرێ، نوسراوی هاوشێوە بۆ فەرمانگەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرکوک و ژمارەیەک ناوچەی دیکە بنێردرێ، ئەوەش کاریگەری لەسەر چارەنووسی چەندان فەرمانبەر دەبێت، کە بەپێی ساڵ و ئەزموونی جیاواز، بە گرێبەست یان بە دامەزراندنی هەمیشەیی خزمەتیی ئیدارییان هەیە.

نوسراوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛

+964صورة من منصة (شبكة):