لوبنانییەکان بەخێربێن و دەرگاتان کراوە بێت

کچە 11 ساڵە لوبنانییەکە لە عێراق جێی بۆ کرایەوە و لە قوتابخانە داخڵکرا

+964
راژان باجەڵان – خانەقین

لەوە ناچێت لوبنانییەکان بۆیان بلوێت بەمزووانە بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوانەی گەیشتوونەتە عێراق لێرە بنەی خۆیان داناوە و ژیانیان رێکخستووە، ئەمڕۆش یەکەمین کچە قوتابی ئاوارە داخڵی قوتابخانە کرا.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 09.10.2024 لە قوتابخانەی (صفية)ی سەرەتایی لە گوندی (جیزاني الجول) سەر بە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە کچێکی تەمەن 11 ساڵان کە ناوی رەنا ریمۆن زەکیە چووە پۆلی پێنج و دەستی بە خوێندن کرد.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دیالە سەرجەم قوتابخانەکانی سنوورەکەی ئاگادار کردووەتەوە، دەرگاکانیان واڵابێت بۆ وەرگرتنی قوتابییە ئاوارەکان و یەکسەر وەریان بگرن.

دەریا خەیروڵڵا بەرپرسی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە964ی وت ”بە فەرمانی وەزیری پەروەردەی عێراق قوتابییە لوبنانییەکان لە قوتابخانەکانی عێراق وەردەگیرێن و بڕیاری ئەوەش هەیە لە ماوەی داهاتوودا پڕۆگرامێکی پەروەردەیی تایبەت بۆ منداڵە ئاوارەکان دابنرێت، کە لە قوتابخانەکانی عێراق وەردەگیرێن بۆ ئارامکردنەوەی باری دەروونییان”.

لە لوبنان شەڕو ئاژاوە هەیە، ئیسرائیل بەناوی پەلاماردانی حیزبوڵاوە ناوچەیەکی فراوانی خوارووی لوبنان و دەوروبەری بەیرووتی بۆردومان کردووە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن نزیکەی 20% خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون، بەشێکیشیان بەر عێراق کەوتوون.

ئەوس ئیبراهیم مەهدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و بەرپرسی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران بە 964ی وت ”لە نزیک بەعقوبە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە لە 696 شوقە پێکهاتووە بۆ ئاوارە لوبنانییەکان دابینکراوە و لەوێ نیشتەجێ دەکرێن”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ناتەنیاهۆ: بەیروت دەکەینە غەزە

ناتەنیاهۆ: بەیروت دەکەینە غەزە