لە دهۆک
شۆفێڕێک گیانی لەدەست دا و ناسنامەی دیار نییە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە نزیک ئۆڤەرپاسی گەڤەرکێ لە دهۆک، شۆفێرێک گیانی لەدەست دا، بەرپرسانی تەندروستی ناوچەکەش دەڵێن، تەرمەکەی لە پزیشکی دادی دهۆکە و ناسنامەی دیار نییە.
هەیسەم بەربهاری وتەبێژی بنکەی تەندروستی 122 لە دهۆک بە 964ـی وت، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.10.9 لە ئۆڤەرپاسی گەڤەرکێ، ئۆتۆمبێلێکی جۆریBMW بەهۆی خێراییەوە خۆی لە پەرژینی پردەکە داوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.”
“شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گەنجێکە کە تەمەنی لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵە، تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانمانەوە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە و تا ئێستاش ناسنامەی دیار نییە”، هەیسەم بەربهاری وای وت.
بەپێی ئامارێکی بنكەی تەندروستی 122ـی دهۆک، لە ماوەی دوو مانگدا لە سەر رێگای گشتیی بارزان لە سنووری شندوخا و گەڤەرکێ، چوار کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێكیش بریندار بوون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری