یەكێكیان دوو ساڵە تێكچووە

هێشتا سی تی سكان و ئێم ئار ئایەكەی كۆیە چاكنەكراونەتەوە

+964

گۆڤەند فەتاح – كۆیە

ماوەی دوو ساڵە ئامێری سیتی سکان لە سەنتەری تیشکی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کۆیە تێکچووە، ئێستا وەزعەكە خراپتر بووە و  ئامێری (M.R.I)شی هاتە سەر و ماوەی دوو مانگە تێکچووە، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی بۆ كڕینی سیتی سكانێك داوە، بەڵام هێشتا پارەكەی خەرج نەكراوە.

بە پێی زانیارییەكانی 964 كە لە خەڵكی كۆیە وەریگرتووە، هاوڵاتیانی قەزاكە بۆ گرتنی ئەم تیشکانە بە ناچاری سەردانی هەولێر یان رانیە دەکەن، کە جگە لە مەترسیی رێگەکە بە نرخێکی زۆر زیاتریش دەیگرن، کە لە نێوان 150 هەزار بۆ 240 هەزار دینارە.

ئامێری سیتی سکانەکە بە هۆکاری ئەوەی کۆن بووە و تێکچووە هیچ کۆمپانیایەک نییە چاکی بکاتەوە، ئامێری (M.R.I)ەکەش بە هۆی ئەوەی پارچەیەکی لە کارکەوتووە کە نرخەکەی نزیكەی 45000 دۆلارە، تەندروستیی کۆیەش بۆ هەردوو ئامێرەکە نووسراوی بۆ وەزارەتی تەندروستیی کردووە و رەزامەندی دراوە، بەڵام تا ئێستا پارەیان بۆ خەرج نەكراوە.

هاوکار محەمەد، وتەبێژی تەندروستیی کۆیە، بە 964ی وت، پێشتر سەرۆکی حکومەت رەزامەندی دابوو بە کڕینی سیتی سکانێکی نوێ بۆ کۆیە، ئێستا نووسراوەكە لە وەزارەتی داراییە، رەزامەندییش دراوە، بەڵام ماوە ئیشوکارەکانی جێبەجێ بکرێت و پارەکە خەرج بکرێت بەڵام کاتەکەی دیار نییە.

وتیشی، ئامێری  (M.R.I)ەکەش پارچەیەکی تێکچووە و چاک دەکرێتەوە، نووسراوی چاککردنەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی بۆ وەرگیراوە و تەنیا رەزامەندی دووەمی ماوە، ئەویش لە نزیکترین کاتدا تەواو دەبێت و چاکدەکرێتەوە.

تەواوی هاوڵاتیانی کۆیە و دەوروبەری چاویان لەو سەنتەری تیشکەیە، تا بۆ نەخۆشەکانیان تیشکێکی (M.R.I) بگرن، جگە لەوەی نرخێکی گونجاوی هەبوو، کە لە بەیانیان نرخەکەی 15 هەزار دینار بوو، کە بە نۆرەی چەند مانگێک هاوڵاتیان بەریان دەکەوت، نرخی ئێوارانیش 60 هەزار دینار بوو، کە ئەو نۆرەی ناوێت هەر کەسێک لە هەر کاتێدا دەیتوانێت تیشک بگرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

11 ساڵە چیرۆكى دروستكردنى دووسایدی كۆیە – هه‌ولێر ده‌...

11 ساڵە چیرۆكى دروستكردنى دووسایدی كۆیە – هه‌ولێر ده‌وترێته‌وه‌