لە حوجرەوە بۆ عالمی زانست و ئەدەب
پێنج ساڵ دوای کۆچی دوایی عیزەدین مستەفا رەسوڵ
964+
ژووری هەواڵ
لە تەمەنی چوار ساڵیدا تووشی گرانەتا بووم و وڕێنەم بە مەکتەبەوە دەکرد، باوکم وتی شەرتبێ ئەگەر چاک ببیتەوە ئەتخەمە بەر خوێندن، چەکبوومەوەو وەک گوێگر بردمیە قوتابخانەو ئیتر بەردەوام بووم تا دوو بڕوانامەی دکتۆرام بەدەستهێناو زیاتر لە 90 کتێبم نوسی.
عیزەدین مستەفا رەسوڵ، کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت، کوڕی حاجی مەلای دێلێژەیە، ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێنی سلێمانی لە دایکبووە، زۆر منداڵ بووە کە لە حوجرەکەی باوکی (مەلا مستەفای سەفوەت) دەستی بە خوێندن کردووە.
لە دوای تەواوکردنی ناوەندی، بۆ خوێندنی شەریعە چووەتە بەغدا، لەوێ تێکەڵ بە رێکخستنەکانی حیزبی شیوعی بووە، ئیتر لەو دەمەوە لە کوردایەتی دانەبڕاوەو بە درێژایی ژیانی دوچاری گێرمەو کێشەی زۆر هاتووە.
لە بەغداو شام و باکۆ خوێندوویەتی، ساڵی 1963 لە یەکێتی سۆڤێت بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چووەتە شاخ و بوە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی بە هەوڵی مەلا مستەفا بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێندراوە.
پلەی زانستی پرۆفیسۆری بە دەستهێناوە، لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نوسەرانی کوردەو بۆ ماوەی 25 ساڵ سەرۆکی ئەو یەکێتییە بووە.
پرۆفیسۆر د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 لە سەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی بووە پەرلەمانتار، ساڵانێکی زۆریش مامۆستای زانکۆ بوو، لە پاڵ ئەوەشدا توێژەرێکی ورد و نوسەرێکی بە بڕشت بوو، خۆی دەیوت هێشتا زۆر پرۆژەی ماوە، بەڵام مەرگ مەودای نەداو رۆژی 3ـى تشرینی یەکەمی 2019 لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.