"موچە نەدرێت ناگەڕێینەوە دەوام"
لە سلێمانیش پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی دەوامیان کرد
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
هاوشێوەی چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم، لە سلێمانیش، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە.
د. دارۆ هادی نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سلێمانی بە 964ـی وت، “لە دوێنێوە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی دەوامیان کردووە و نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە”.
باسی لەوەش کرد، هۆکاری بایکۆتەکە بۆ دابەشنەکردنی موچە دەگەڕێتەوە و تا موچە دابەش نەکرێت، ناگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
د. دارۆ هادی وتیشی، “ئەو پزیشکانەی بایکۆتیان کردووە تاکە بژێوی ژیانیان موچەی حکومەتە و هیچ داهاتێکی دیکەیان نییە، نزیکەی 90 رۆژە یەک موچەیان وەرگرتووە، بۆیە توانای دەوامکردنیان نەماوە.”
ئەوەش لەکاتێکدایە لە کەلار و سەیدسادق و پێنجوێن و چەند شوێنێکی دیکە، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتیان راگەیاندووە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری