هەڵبژاردنی كوردستان

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هۆشداری دەداتە رۆژنامەنووسان

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات، چەند رێنماییەكی بۆ رۆژنامەنووسان راگەیاند، ئەوانەی رووماڵی رۆژانی هەڵبژاردن دەكەن.

كۆمیسیۆنەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 2.10.2024 لە گرووپی رۆژنامەنووسان لە پلاتفۆرمی واتساپ، چەند رێنماییەكی سەبارەت بە رووماڵی هەڵبژاردن لە لایەن رۆژنامەنووسانەوە راگەیاند.

لە رێنماییەكاندا هاتووە، “ئەو رۆژنامەنووسانەی كە متمانە و رێگەپێدانیان پێدەدرێت بۆ رووماڵكردن، ئازادییان پێدەدرێت، بەڵام لە ناو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان بۆیان نییە هیچ ئامێرێكی تۆماركردن لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن (كامێرا و ئامێرەكانی تۆماركردن).
هەروەها دەبێت مۆبایلەكانیان بكوژێننەوە، جگە لەو بنكانە نەبێت، كە پێشتر كۆمیسیۆن دیارییان دەكات.

دروستكردنی هەر ئاژاوەیەك، كە سەربكێشێت بۆ پشێوی لە پرۆسەی دەنگدان لە ناو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان، قەدەغەیە.

هەروەها هاتووە، رۆژنامەنووسان بۆیان نییە هیچ چاوپێكەوتنێك لە ناو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان ئەنجام بدەن، جگە لەو بنكانە نەبێت، كە رێگەیان پێدراوە.

لە خاڵێكی دیكەی هۆشدارییەكەدا هاتووە، رۆژنامەنووسان بۆیان نییە بچنە ناو كابینەی دەنگدان، یان وێنەگرتنی ئەوەی لە ناو كابینەكەدا دەگوزەرێت.

“رێكخەری بنكەی دەنگدان و بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان، مافی ئەوەیان هەیە داوا لە نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندن بكەن، كە بنكەكە یان وێستگەكە جێبهێڵن، ئەگەر رێساكانی تایبەت بە نوێنەرانی راگەیاندن پێشێل بكەن”، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە هۆشدارییەكانی كۆمیسیۆن.

بڕیارە 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ پێش ئەوەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.

کۆمیسیۆن ناوی بەربژێرەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کو...

کۆمیسیۆن ناوی بەربژێرەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە