بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکی پێنجوێن بە گرێبەست

یەک ساڵە 20 کەس چاوەڕێی وەڵامی دامەزراندن

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

ماوەی یەکساڵە بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن 20 ناوی ناردووە بۆ دامەزراندن بە گرێبەست بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ئارام سەلیم یەکێک لەو کەسانەیە کە ئەندازیارە و بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەندین هەلی کاری دیکەیان لە دەستداوە و ئێستاش چارەنوسیان دیار نییە کە دائەمەزرێن یاخود نا و ناتوانن پێشکەشی هیچ جێگایەکی دیکەش بکەن.

وتیشی، داواکارییان ئەوەیە ئەنجومەنی وەزیران وەڵامیان بداتەوە و لەو چاوەڕوانییە رزگاریان ببێت و بچنە سەر کاری خۆیان.

هاوکات شوان عوسمان کە وەک شۆفێر ناوی گەڕاوەتەوە بە 964ـی وت، شەش مانگە لە ماڵەوەیە و کاری دەست نەکەوتووە، چونکە کەس بۆ ماوەیەکی کاتی کاری ناداتێ و چاوەڕێی ئەم دامەزراندنە بووە.

ئەمیر سۆفی جەمال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە بە 964ـی راگەیاند، پشتگیری داواکارییەکانیان دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

وتیشی، بەهۆی نەبوونی دەستی کاری مرۆیی ناتوانن بەپێی پێویست ئیش ئەنجام بدەن و کاری پێویست بکەن.

ئەوەشی خستەروو، ژمارەیان 20 کەسە و لە هەموو پسپۆڕییە جیاوازەکانن کە پێویستە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان.

بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن ساڵی رابردوو بڕیار لەسەر کردنەوەی درا و لە مانگی نیسانی 2024 بە ئامادەبوونی وەزیر فەرمانگەکە کرایەوە و دوای سێ مانگ پلەی فەرمانگەکە بۆ  بەڕێوەبەرایەتی بەرزکرایەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە و داوای هەمیشەیی بوون...

فەرمانبەرانی گرێبەست گردبوونەوە و داوای هەمیشەیی بوون دەکەن