زیاتر لە 1000 ماڵ لێی سودمەند دەبن

تۆڕی ئاوی خواردنەوە دەگەیەندرێتە شوقەکانی حاجیاوا

964+

ژێوار خدر

بۆ یەکەم جارە تۆڕی ئاوی خواردنەوە دەگەیەندرێتە شوقەکانی قەزای حاجیاوا و گەڕەکی فەرمانبەران و چەند گەڕەکێکی دیکەی قەزاکە.

سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی وت، پێشتر ئەو گەڕەکانە تۆڕی ئاوییان نەبووە و لە رێگەی تانکەرەوە ئاوی خواردنەوەیان پێ گەیشتووە، بەڵام بە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیە کێشەکانییان چارەسەر دەبێت.

وتیشی، “پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بە بڕی زیاتر لە 300 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و ماوەی سێ مانگە کار کردن تیایدا دەستی پێکردووە و بەشێکی زۆری کارەکانی بەرەو کۆتایییە و پێشبینی دەکەین لە ماوەی 90 رۆژی تردا تەواو کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکرێن”.

روونیشیکردەوە، زیاتر لە 1000 ماڵ لەو پڕۆژەیە سود وەردەگرن و کێشەی ئاوی خواردنەوەیان نامێنێت.

پێشتر بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی وتبوو، لە سنوری ئیدارەی راپەڕین تاوەکو ئێستا کەمتر لە 300  ماڵ بە تانکەر ئاویان پێدەگات لە کاتێکدا پێشتر ژمارەیان چوار هەزار ماڵ بووە.

بەکۆی گشتی لە ئیدارەی راپەڕین 75 هەزار هاوبەشی ئاو هەن و بەشێکی زۆری ئیدارەکە کێشەی کەمی ئاویان نییە.

ئاوی راپەڕین شەش بیری نوێی لێداوە

ئاوی راپەڕین شەش بیری نوێی لێداوە