جگەرەیەک قاچەکانی لێسەندەوە

“سیڤییەکەمیان بە دڵە کە دەمبینن کەمئەندامم وەرم ناگرن”

964+
دیلان محەمەد جەزا

جگەرەیەکی پەندەر نەک دوکەڵەکەی مایەی زیانە، ئەمجارە بە کرداریش بوو بەهۆکاری ئەوەی، گەنجێک سێ بەشی جەستەی لە دەستبدات و بیخاتە سەر کورسی کەمئەندامی، کاتێک لە تونێلی پێشڕەو بە شەقامی لاوەکی هەواری شار، ویستوویەتی لە ناحیەی سیتەکەوە بگەڕێتەوە ناو سلێمانی.

رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی 11.6.2021 روویدا، بەهۆی سەرقاڵی بۆ دۆزینەوەی جگەرەیەکی ونبوو کە لەناو تونێلی پێشڕەو و نێو ئۆتۆمبێلەکەی لێی کەوتبوو نەیتوانی بیدۆزێتەوە، بەڵام هۆشی هەرلەلای بوو، تا ئۆتۆمبیلەکەی بۆ کۆنتڕۆڵ نەکراوە و وەرگەڕاوە، خۆی دەڵێت، “لە کۆتایی شەقامەکە سێ تەقلەم لێداوە”.

ئەمە چیرۆکی محەمەد شوانی تەمەنی 26 ساڵە، گەنجێکی نیشتەجێی سلێمانییە و لەگەڵ خانەوادەکەیەکی داهات مامناوەند ژیان دەکات، دەستگیرانەکەشی بەهۆی رووداوەکەوە لێی جیا بووەتەوە، تا ساڵی 2014 لە خوێندن بەردەوام بووە دواتر کاری مەندووبی و ژمێریاری کردووە، پێش ئەوەی ئەو رووداوەی بەسەردا بێت ئومێدی هەبوو بگەڕێتەوە بۆ خوێندن، زانکۆ یان پەیمانگە تەواو بکات، بەڵام ئەو رووداوە نەخوازراوە لە خوێندن نا، بەڵکو لە ئامانج و ئومێدەکانی دووری خستەوە.

محەمەد شوان بە 964ی وت، بەهۆی سەرقاڵیی و تیژڕەوی ئۆتۆمبیلەکەی لە کاتێکدا رێگەیەکی کەمی 300 مەتری لەبەردەمدا مابوو، بەڵام خێرایی ئۆتۆمبیلەکەی 220 کیلۆمەتر بووە لە سەعاتێکدا، نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی دۆخی بکات و رووداوی وەرگەڕانەکەی بەسەردا هاتووە، لە کاتێکدا ئەو دەڵێت ئەمە قەدەر و چارەنووسە، “گەرچی رێگاکەم وەک ناوی خۆم لەبەربوو، چونکە دوو ساڵ خوشکەکەم بۆ پەیمانگە هاتوچۆ پێ دەکرد لەو رێگەیەوە بەڵام دەبوو رووبدات”.

ئۆتۆمبیلەی بەهۆی رووداوەکەوە، بەجۆرێک شێواوە کۆی تێچووی کڕینی کە دە هەزار و 300 دۆلار بووە، تەنیا هەزار و 500 دۆلاری بۆ کردووە واتە ” دەفتەرێک و 15 وەرەقە زیانی کردووە”، محەمەد لە ماوەی کەمئەندام بوونی لە ماڵەوە لە هەوڵەکانی نەوەستاوە و بەردەوامی داوە بە خوێندن و بروانامەی بەدەستهێناوە، بەڵام بڕوانامەکەی نەبوونەتە هۆی دەستکەوتنی کار بۆی.

وەکخۆی دەیگێرتەوە، کۆمپانیا و دامەزراوەکان کاتێک سیڤی ئەویان بۆ دەچێت لە رێگەی ئمەیڵەوە، داوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکەن، بەڵام بەهۆی دۆخی کەمئەندامییەوە رەتی دەکەنەوە کاری پێ بدەن، وتی، “جارێک چووم بۆ چاوپێکەوتن، بەڕێوەبەرەکە لە کامێراوە منی بینی زانی کەمئەندامم، ئامادە نەبوو بمبینێ”، ئەو وتی، “چۆن دەمەوێت بێمەوە ناو ژیان، دەمەوێت ئاوا کۆمەڵگەش قبوڵم بکات”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا